دەقی گوتاری مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی زاخۆ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی منداڵانی لە زاخۆ کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "دەستخۆشی لە هەموولایەک دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە. بێگومان، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی خۆمان بکەین و ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی کە پێویستن، بۆ هەموو خەڵک دابین بکرێن."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "خۆشحاڵم کە لەسەر ئاستێکی زۆر باش، ئەم نەخۆشخانەیە دروست کراوە. هیوادارم هیچ کەسێک هیچ کاتێک ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە. بەڵام ئەگەر هاتن، هیوای من ئەوەیە لێرە خزمەتێکی باشی نەخۆشەکان بکرێت، بە تایبەتی منداڵە ئازیزەکانمان و، هیچ کاتێک پێویستیان بەوە نەبێت ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن و هەر شتێک پێویست بێت لێرە بۆیان جێبەجێ بکرێت، لە ڕووی تەندروستی و چارەسەرییەوە."
دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە هاتووینەتە زاخۆ بۆ کردنەوەی چەندین پڕۆژەی گرنگ. یەکێک لەوانە ئەم نەخۆشخانەیەی منداڵانە، کە ئەمڕۆ دەست بە کار دەکات و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، بە تایبەتی خەڵکی شاری زاخۆی خۆشەویست.
دەستخۆشی لە هەموولایەک دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە. بێگومان، حکوومەت بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی خۆمان بکەین و ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی کە پێویستن، بۆ هەموو خەڵک دابین بکرێن.
خۆشحاڵم کە لەسەر ئاستێکی زۆر باش، ئەم نەخۆشخانەیە دروست کراوە. هیوادارم هیچ کەسێک هیچ کاتێک ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە. بەڵام ئەگەر هاتن، هیوای من ئەوەیە لێرە خزمەتێکی باشی نەخۆشەکان بکرێت، بە تایبەتی منداڵە ئازیزەکانمان و، هیچ کاتێک پێویستیان بەوە نەبێت ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن و هەر شتێک پێویست بێت لێرە بۆیان جێبەجێ بکرێت، لە ڕووی تەندروستی و چارەسەرییەوە.
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە هەموولایەک دەکەم. سوپاسی هەموو پزیشک و کارمەندانیش دەکەم بۆ ئەو زەحمەتییەی کێشاویانە. هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن و کوردستانەکەمان ئینشائەڵڵا ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ڕۆژانی خۆشتر و ئاوەدانییەکی زیاتر بڕوات. زۆر سوپاس.