دەقی گوتاری مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکوومەت: سوپاسی دڵسۆزیی مامۆستایانی كوردستان دەکەم کە ڕێگەیان نەدا خوێندن بوەستێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن پیرۆز دەکات و دەڵێت "ئاستی خوێندن لە وڵاتی ئێمە گەلێك بەرەوپێش چووە و گۆڕانكاریی مەزن كراوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 ی لە قوتابخانەی بنەڕەتی (دم دم) لە شاری زاخۆ لێ دا.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا پیرۆزیایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد و هیوای خواست کە ساڵێکی پڕ سەرکەوتن و دەسکەوت و خۆشی بێت بۆ هەمووان.
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشی لە دایک و باوکان کرد بۆ پشتیوانیان لە منداڵەکانیان بۆ ئەوەی ئایندەی گەلەکەمان گەش و سەرکەوتوو بێت . سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایانیشی کرد کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و نەخۆشی و کێشەی بێ مووچەیی ، بەڵام بەردەوام بوون لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان.
دەقی گوتەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
قوتابیانی خۆشەویست، مامۆستایانی ڕێزدار و قەدرگران
دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 لە ئێوە و لە هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز بێت، هیوادارم ساڵێكی پڕ دەستكەوت و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابیان و بۆ مامۆستا و دایك و باوكانی خۆشەویستیش. دەستخۆشییەكی زۆر لە دایكان و باوكان دەكەم بۆ پشتیوانیی ئەوان لە ناردنی منداڵەكانی خۆیان بۆ قوتابخانە، بۆ ئەوەی ئاییندە و پاشەڕۆژی گەلی ئێمە گەش بێت و باوەڕێكی پتەوم بەوە هەیە كە ئەو منداڵانە دەبنە سەركردە و وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناخێکی باشتر دەبەن.
سوپاسێكی زۆری مامۆستایانی قەدرگران دەكەم كە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ناخۆشی و بێ مووچەییەك، بەردەوام بوون لە خوێندن، ئەو مامۆستا كوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆزانە قەت ڕێگەیان نەداوە كە خوێندن بوەستێت یان قوتابی بێبەش ببێت لە خوێندن. دەستخۆشییەكی زۆر لەو مامۆستایانە دەكەم، بەڕاستی نموونەی خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر، ئەو مامۆستایانەن كە سەرەڕای ئەو هەموو ناخۆشییانە دیسان بەردەوام بوونە. هیوای من ئەوەیە كە لە ماوەیەكی نزیكدا، ئەم قەیرانانە بەرەو كۆتایی بچن و ئەم كێشانە چی دی نامێنن و هەموو كەس و فەرمانبەران لە كوردستان، بە تایبەتی مامۆستایان، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی هەموو مافەكانی خۆیان، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئێمە پشتیوان دەبین لەوەی هەر شتێكمان پێ بكرێت و ئینشائەڵلا قەرەبووی ئەو زەحمەتییەشیان بۆ بكەینەوە.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆشە، من پیرۆزبایی لە هەمووتان و خەڵكی زاخۆ دەكەم، هیوادارم بەردەوام زاخۆ لە پێشكەوتندا بێت. لەو چەند ساڵەی رابردوودا بە خەمخۆری و زەحمەت و ماندووبوونی خەڵكی زاخۆ و بەرپرسانی ئیداریی زاخۆ، ئێمە دەبینین كە پێشكەوتنێكی زۆر باشی تێدا هەبووە. زاخۆ هەردەم پێشەنگ بووە لە نیشتمانپەروەری و بەرگری و خۆڕاگری و قارەمانی زۆر گەورە لە شاری زاخۆ دەركەوتوون و بەرگرییان لە وڵاتی ئێمە كردووو، ئەمڕۆ دەستی ئاوەدانی لە زاخۆ زۆر دیارە و لە هەموو كوردستان و عێراق و ناوچەكە وەك شارێكی پێشكەوتوو سەیری زاخۆ دەكەن. ئێمە ئەمڕۆش چەندان پرۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی دیسان خزمەتێكی زیاتر پێشكەشی خەڵكی خۆشەویستی زاخۆ بكەین، نەخۆشخانەی منداڵان دەكەینەوە، پێشانگایەكی نێودەوڵەتیش لێرە هەیە ئەویش دەكەینەوە، پاشان بەشی دووەمی كۆڕنیشی زاخۆ كە بووەتە یەكێك لە جوانترین جێگەکانی هەرێمی كوردستان، ئەویش دەكەینەوە.
خوێندن لە وڵاتی ئێمە زۆر پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا پەروەردەكردنی قوتابیان هێشتا پێویستترە، من دەستخۆشی لە جەنابی وەزیر و ستافی وەزارەت و مامۆستایانی بەڕێز دەكەم بۆ ئەوەی كە لە ماوەی رابردوودا زۆر خۆیان ماندوو كرد بۆ ئەوەی ئاستی خوێندن لە وڵاتی ئێمە بەرەو پێش ببەن، بەڕاستیش گەلێك بەرەوپێش چوو و گۆڕانكاریی مەزن كراوە.
بە ڕاستی دەستكەوتێكی مێژووییە كە گەلێك داتای خوێندن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئێستا بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ مامۆستا و كاربەدەستان بەردەستن و زۆر بە ئاسانی دەتوانن بڕیار لەسەر بنەمایەكی زانستی بدەن بۆ هەر شتێكی پێویست بێت لە ڕووی خوێندنەوە بۆ قوتابخانەكانی خۆیان. هەروەها بەرنامەیەكی دیكە هەیە بۆ باشتركردنی تێكەڵبوونی قوتابیان بە ڕێگەی ئەلیكترۆنی لەگەڵ سیستەمی خوێندن، هیوادارم ئەویش لە ماوەیەكی زوو هەموو بەرنامەكان بكەونە كار، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر گەورە لەسەر ئاستی خوێندن و تێگەیشتنی قوتابیان دەكات و ئەمە پێشكەوتنێكی زۆر مەزنە كە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەقیقەت نموونەییە. جارێكی دیكە من دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم بۆ ئەو دەستكەوتانەی كە هەتانبووە.
لە ساڵانی رابردوودا هەوڵێكی زۆر دراوە كە قوتابخانەی زیاتر دروست بكرێن، زیاتر لە دووسەد قوتابخانە دروستكراون و نزیكەی دوو هەزار قوتابخانەش لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نۆژەنكراونەتەوە، هێشتاش پێویستە زیاتر دابین بكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی كە توانای بەردەست ئەوەندە بووە، هەر ئەوەندە كراوە، بەڵام هەوڵی ئێمە بەردەوام دەبێت بۆ دروستكردنی قوتابخانەی زیاتر و ناوەندی زانستیی زیاتر و هاوكاریی زیاتریش بۆ قوتابی و مامۆستا دەكرێت.
جارێكی دیكە هیوادارم سەركەوتوو بن، ئێوە ساڵێكی خۆشتان هەبێت، ئینشائەڵا كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت، خوێندنمان بەرەوپێشتر دەچێت، لە ڕووی پەروەردەییشەوە من داخوازییەكم لە مامۆستا و قوتابی و دایكان و باوكانی خۆشەویست دەكەم كە بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێكی زۆر گرنگ لە سیستەمی پەروەردەیی هەر قوتابخانەیەك و لە هەر ماڵێكدا. وڵاتی ئێمە وڵاتێكی شیرین و پیرۆزە، جێی خەباتكەرانی ئێمەیە، جێی ئەو شەهیدانەیە كە خوێنی خۆیان لەپێناویدا رشت، هیوادارم ئەم وڵاتە بە پاكوخاوێنی بپارێزن، پێویستە مامۆستایان، قوتابیان تێبگەیەنن كە بابەتی ژینگەپارێزی زۆر گرنگە و بەهەمان شێوە بابەتی نیشتمانپەروەری كە ئێمە و ئەم خاكە لێك جیا ناكرێینەوە، ئێمە خەونی گەلێك مەزن و ئومێدی زۆر گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناخی زۆر پێشكەوتووتر بچێت.
لە كۆتاییدا من داوا دەكەم و هیوام ئەوەیە كە پەیوەندییەكی تەندروست و باش لە نێوان قوتابیان و مامۆستایان هەبێت لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن، نەك ترس و ناچاربوون، پێویستە هەموو قوتابیان ڕێز لە مامۆستایان و دایكان و باوكانی خۆیان بگرن، مامۆستا و دایك و باوكیش پشتیوان بن بۆ ئەوەی هەموو قوتابیانی ئێمە هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ و بەرەو قۆناخێكی گەشتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر هەنگاو بنێن.
جارێكی تر پیرۆزە و دەستخۆشی لە هەمووتان دەكەم.