مەسرور بارزانی بۆ کوردستان24: خەڵک لە عێراق و هەموو شوێنەکانەوە سەردانی زاخۆ دەکەن

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ساڵیادی دامەزراندنی زاخۆ پیرۆز دەکات و دەڵێت "خەڵک لە عێراق و هەموو شوێنەکانەوە سەردانی زاخۆ دەکەن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی منداڵانی لە زاخۆ کردەوە و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارێکی مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت "ئەمڕۆ چوارەمین ساڵی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە. پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی خەڵکی زاخۆ. دەبینین کە زاخۆ پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. دەستخۆشی لە بەرپرسان دەکەم، لە کاک گوهدار، لە هەموو بەرپرسانی ئیداری کە زۆر خۆیان ماندوو کردووە."
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "ئێستا زاخۆ بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ هەموو خەڵکی کوردستان کە دێن سەردانی ئێرە دەکەن و لە شوێنەکانی تری عێراقیش دێن."
دەقی لێدوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
ئەمڕۆ چوارەمین ساڵی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە. پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم، بەتایبەتی خەڵکی زاخۆ. ئەبینین کە زاخۆ پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. دەستخۆشی لە بەرپرسان دەکەم، لە کاک گوهدار، لە هەموو بەرپرسانی ئیداری کە زۆر خۆیان ماندوو کردووە و زاخۆ بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ هەموو خەڵکی کوردستان کە دێن سەردانی ئێرە دەکەن و لە شوێنەکانی تری عێراقیش دێن.
یەکێک لە پڕۆژەکان کردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان بوو کە ئێرەیە و دوای ئەوە پێشانگایەکی نێودەوڵەتییە، ئەوەش بەرنامەمان هەیە بۆ کردنەوەی. بەشی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆش، ئەمەیان هەڵگرتووە بۆ دوو جار کە بچینە ئەوێش بیکەینەوە و بەرنامەکەمان تەواو دەبێ ئینجا. سوپاس، دەستخۆش.