هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا؛ نەشتەرگەریی بۆ گاڤی دەکرێت؟

پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت

گاڤی
گاڤی

بارسێلۆنا پشکنینی زیاتر بۆ گاڤی دەکات بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو دوو بژاردەیەی لەبەردەمیەتی بڕیاری کۆتایی بدات.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا بڕیاریداوە پشکنینێکی ورد و یەکلایی کەرەوە بۆ ئەژنۆی راستی گاڤی بکرێت، بۆ ئەوەی لەبارەی نەشتەرگەریکردن بۆ ئەو ناوەڕاستکارە ئیسپانییە بڕیاری یەکلایی کەرەوە بدات، کە دوو یارییە گاڤی بەهۆی پێکانەوە لە بارسێلۆنا دابڕاوە و دیار نییە کەی دەگەڕێتەوە یاریگاکان.

هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا پێش یارییەکەی خیتافی لەبارەی گاڤی رایگەیاند، دەمانەوێت پشکنینی زیاتری بۆ بکەین و لەم چەند رۆژە بڕیاری کۆتایی دەدەین، کە بلاوگرانا بڕیاریداوە بە راوێژ لەگەڵ گاڤی و خێزانەکەی و بەڕێوەبەری کارەکانی دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان، لەبارەی نەشتەرگەریکردن بۆ گاڤی بڕیاری کۆتایی بدەن، کە ئەگەر نەشتەرگەری بۆ بکرێت ئەوا ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە چەند مانگێک دادەبڕێت.

بەگوێرەی راپۆرتە راۆژنامەوانییەکان، ئەگەر گاڤی نەشتەرگەری بۆ بکرێت ئەوا پێویستی بە پێنج بۆ شەش هەفتەی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە یاریگاکان، ئەگەر نەشتەرگەریشی بۆ نەکرێت تەنیا دوو هەفتەی پێویستە، بەڵام سەرکێشییە بە تەندروستی و لەوانەیە پێکانەکەی تەشەنە بکات.

گاڤی لە سەرەتای ئەم مانگەوە لە یاریگاکان دابڕاوە و وەرزی رابردووش دوو جار تووشی پێکان بوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment