لامین یامال پلانێکی تایبەتی بۆ رێوڕەسمی باڵۆن دۆر داناوە
یامال زۆربەی خزم و دۆستانی بانگهێشتی ئاهەنگەکەی سبەی کردووە

هەرچەندە لامین یامال بڕوای وایە عوسمان دێمبێڵێ بەربژێری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن زۆر، بەڵام بانگهێشتی زۆربەی خزم و دۆستانی کردووە بۆ ئەوەی سبەی لە رێوڕەسمەکە ئامادەبن.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لامین یامال بانگهێشتی نزیکەی 20 کەسی لە ئەندامانی خێزانەکەی و خزم و دۆستانی کردووە، بۆ ئەوەی سبەی شەو لە پاریس لە ریوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر ئامادەبن، کە هێرشبەرە لاوەکەی بارسێلۆنا بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی تۆپە زیڕینەکە بەدەست بهێنێت، سەرجەم خزم و دۆستانی یامال جلوبەرگی دۆڵجی گابانا دەپۆشن و لە بەرزترین ئاستی رێکپۆشی و جوانپۆشیدا دەبن.
⚽️✨ Todos los detalles de la comitiva de Lamine Yamal a la gala del Balón de Oro
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) September 21, 2025
✍️ @martinezferran https://t.co/uOWkcsNtH4
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، لامین یامال بڕیاریداوە ئەگەر خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا سبەی شەو لە پاریس ئاهەنگێکی گەورە ساز بکات، کە یامال و دێمبێڵێ رکابەری سەرەکین لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
سبەی شەو کاتژمێر 09:00 بە کاتی هەولێر، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لە پاریس بەڕێوە دەچێت، کە گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ و رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی بە هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دابەشی دەکەن.