38 پەیامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە زاخۆ
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە زاخۆ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد.

لە شاری زاخۆ، سەرۆک وەزیران زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی (دم دم) لێ دا؛ دواتر نەخۆشخانەی منداڵان، یەکەم پێشانگەی نێودەوڵەتی و قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆی کردەوە. 

 

بە کورتی.. قسەکانی سەرۆک وەزیران لەبارەی ساڵی نوێی خوێندن:

1. دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 لە قوتابییان و مامۆستایان و هەموو خەڵكی كوردستان پیرۆز دەکەم.

2. هیوادارم ساڵێكی پڕ دەستكەوت و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابییان و مامۆستایان.

3.  دەستخۆشییەكی زۆر لە دایكان و باوكان دەكەم بۆ پشتیوانییان لە ناردنی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانە.

4. باوەڕێكی پتەوم هەیە كە منداڵەکانمان دەبنە سەركردەی داهاتوو و وڵاتەکەمان بەرەو قۆناخێکی باشتر دەبەن.

5. سوپاسێكی تایبەتی مامۆستایانی قەدرگران دەكەم،   سەرەڕای ئاستەنگی و بێ مووچەیی، خوێندنیان نەوەستاند.

6. مامۆستاکانمان نموونەی خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرن.

7. هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا، ئەم قەیرانانە بەرەو كۆتایی بچن.

8. پشتیوان دەبین لەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوام بن لە وەرگرتنی مافەكانی خۆیان

9. وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قەرەبووی ئەو زەحمەتییەیان بۆ دەكەینەوە..

10. خوێندن لە وڵاتی ئێمە زۆر پێویستە، بەڵام پەروەردەكردنی قوتابیان هێشتا پێویستترە.

11. دەستخۆشی لە جەنابی وەزیر و ستافی وەزارەت دەکەم کە ئاستی خوێندنیان بەرەو پێش بردووە.

12. بە ڕاستی دەستكەوتێكی مێژووییە كە داتای خوێندن ئێستا بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی بەردەستە.

13. بەرنامەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ باشتركردنی تێكەڵبوونی قوتابیان لەگەڵ سیستەمی خوێندن بە ڕێگەی ئەلیکترۆنی.

14. لە ساڵانی ڕابردوودا، زیاتر لە 200 قوتابخانەی نوێمان دروستکردووە.

15. نزیكەی دوو هەزار قوتابخانەمان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان نۆژەنكردووەتەوە.

16. هەوڵی ئێمە بەردەوام دەبێت بۆ دروستكردنی قوتابخانەی زیاتر و هاوکاری زیاتری مامۆستا و قوتابیان.

17. داوا دەکەم بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێكی گرنگ لە سیستەمی پەروەردە.

18. پێویستە مامۆستایان، قوتابیان تێبگەیەنن كە بابەتی ژینگەپارێزی و نیشتمانپەروەری زۆر گرنگە.

19. ئێمە خەون و ئومێدی زۆر گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بەرەو قۆناغی زۆر پێشکەوتووتر ببەین.

20. داوا دەکەم پەیوەندییەكی تەندروست و باش لە نێوان قوتابییان و مامۆستایان هەبێت.

21.  با ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن بێت، نەك ترس و ناچاربوون.

22. پێویستە هەموو قوتابیان ڕێز لە مامۆستایان و دایكان و باوكانی خۆیان بگرن، و ئەوانیش پشتیوانیان بن.

 

بە کورتی.. قسەکانی سەرۆک وەزیران لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:

1. بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پیرۆزبایی لە خەڵكی زاخۆ و کوردستان دەكەم.

2. لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنێكی زۆر باش لە زاخۆدا هەبووە.

3. زاخۆ هەردەم پێشەنگ بووە لە نیشتمانپەروەری و خۆڕاگریدا.

4. ئەمڕۆ لە هەموو كوردستان و عێراق و ناوچەكە، وەك شارێكی پێشكەوتوو سەیری زاخۆ دەكەن.

5. پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە زاخۆ جێبەجێ کراون و چەندانی دیکەش لە جێىەجێکردندان.

6. كۆڕنیشی زاخۆ بووەتە یەكێك لە جوانترین شوێنەکانی کوردستان.

7. ژینگەی زاخۆ لە شوێنەکانی دیکە پاکترە. هیوادارین بەردەوام بن لە پاراستنی ژینگە.

8. خەڵکی زاخۆ شایەنی باشترین پڕۆژە و خزمەتگوزاریین.

9. هیوادارین ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە بینیومن، ببنە هۆی ئەوەی زاخۆ هەنگاوی باشتر بنێت.

 

بە کورتی.. قسەکانی سەرۆک وەزیران لەبارەی نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ:

1. خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە زاخۆین بۆ کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ، لەوانەش ئەم نەخۆشخانەیەی منداڵان.

2. حکوومەت بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو هاووڵاتییان.

3. هیوادارم ئەم نەخۆشخانەیە ببێتە مایەی خزمەتێکی باش بۆ منداڵە ئازیزەکانمان، تا پێویستیان بە شوێنی دیکە نەبێت.

4. دەستخۆشی لە هەموو لایەک دەکەم و سوپاسی پزیشک و کارمەندان دەکەم بۆ هەوڵەکانیان.

5. هیوادارم کوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاوەدانی و خۆشیی زیاتر هەنگاو بنێت.

 

بە کورتی.. قسەکانی سەرۆک وەزیران لەبارەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆ:

1. دەستخۆشی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ڕێکخەرانی پێشانگەکە دەکەم.

2. هیوادارم ساڵی داهاتوو پێشانگەکە فراوانتر لێ بکرێت و کۆمپانیای زیاتر بەشدار ببن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment