بەغدا لە چاوەڕوانیی ڕۆشناییدا؛ کێشەی کارەبا پایتەختی عێراقی نقوومی بێئومێدی کردووە

عێراق بە گشتی و بەغدای پایتەخت بە تایبەتی، ساڵەهای ساڵە بە دەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت، شەقامەکانی ئەو پارێزگایە نقوومی تاریکی بوونە، چرای هیوای تێدا کوژاوەتەوە. تاکە پلانی حکوومەتیش وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمی کارەبا داگیرساندنی موەلیدەکانە، کە ژاوەژاوەکەی بووەتە هۆی هەراسانکردنی دانیشتووان, تاکە چارەش بۆ ئەو دۆخە ناهەموارە، گواستنەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە بۆ عێراق و داوای هاوکارییە لێیان، تا سوودمەند بن لە پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، عەلی زەرکانی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ئێستا وەزارەتی کارەبا تەنیا 5 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بۆ بەغدا دابین دەکات، لە کاتێکدا پایتەخت پێویستی بە 12 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، کە ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێژەی کورتهێنان لە کارەبادا لە 50% زیاترە.

هاوکات بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە پێداچوونەوە بە دابەشکردنی کارەبای پایتەختی عێراقدا بکرێت، بۆ ئەوەی بە دادپەروەرانە پشکی کارەبا بۆ بەغدا دەستەبەر بکرێت، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاترە لە 13 ملیۆن کەس.

سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، وێرای کەمی کارەبا، ئاماژەی بە زۆربوونی خواستیش لەسەر کارەبا کرد و گوتی: گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، بەشدار بووە لە زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، لە کاتێکدا پشکی دابەشکردنی ئێستای وزە لە پایتەختدا زۆر بە  بە ڕوونی نادادپەروەرانەیە.

لە درێژەی قسەکانیدا لە بارەی ئەو دۆخە ناهەموارە، ئاشکرای کرد، ناوچەی ڕەسافە لە بەغدا کە گرنگرین ناوچەی بازرگانی و ئابوورییە لە پایتەخت، کە چڕی دانیشتووانەکەی زۆر بەرزە، کە هاوتایە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی هەندێک لە پارێزگاکانی عێراق، هەروەها لە ناوچەی سەدریش خەڵکێکی زۆری تێدا نیشتەجێیە، بە شێوەیەکی گشتی ئەو دوو ناوچەیە زۆرترین ڕێژەی کارەبایان بۆ تەرخان کراون.

لە بارەی تاکە پلانی حکوومەتیش بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە، زەرکانی، دەڵێت: تاکە پلانی حکوومەت دابینکردنی کارەبایە لە ڕێگەی موەلیدە ئەهلییەکان، کە ئەمەش پێویستی تەواوی پایتەخت دابین ناکات، بۆیە چارەی کۆتایی بۆ ئەم کێشەیە، زیادکردنی پشکی بەغدایە لە کارەبای نیشتمانی.

نیگەرانی و هاوارەکانی دانیشتووانی بەغدا بۆ کارەبا؛ ئایا کێ گوێبیستی دەبێت؟

عێراق بە گشتی و بەغدای پایتەخت بە تایبەتی، ساڵەهای ساڵە بە دەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت، تاکە چارەی ڕیشەیی بۆ ئەم کێشەیە گواستنەوەی ئەزموونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ عێراق و داوای هاوکارییە لێیان، تا سوودمەند بن لە پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.

پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێشکەوتنەکانی پرۆژەی ڕووناکی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاندبوو، نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی ئێستا لە ڕێی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە. ئەمەش زیاترە لە 50%ـی دانیشتووان، کە دەستکەوتی کەمتر لە ساڵێکە لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە تشرینی یەکەمی 2024ـەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتوبووشی: ئامادەین بۆ هاوکاریی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئەو دەستکەوتانە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێڵ (DW)ـی ئەڵمانی، ڕاپۆرتێکی لە بارەی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردبووەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو، تا ئێستا زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی 'پرۆژەی ڕووناکی'، کارەبای بەردەوامیان هەیە، ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمەکە، پرۆژەکە دەستپێشخەرییکی گرنگە و هەنگاوێکیشە بەرەو باشترکردنی کوالێتی ژیانکردن و پاککردنەوەی هەوا، هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمەکە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کرابوو، پرۆژەی ڕووناکی تەنیا ژیانی هاووڵاتییانی نەگۆڕیوە، بەڵکو بووەتە مۆدێلێکی پراکتیکی بۆ چارەکردنی کێشەی وزە و پیسبوون لە عێراقدا. تا کۆتایی ساڵی 2026، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری و ژینگەیی لە وڵاتەکە ڕووبدات، لەگەڵ باشترکردنی تەندروستی گشتی و کەمکردنەوەی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوونی هەواوە.

زانیاری لە بارەی پرۆژەی ڕووناکی

پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بە گوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment