23 قوتابی لە چاکسازییەکانی هەرێم ئەمساڵ دەرچووی پۆلی 12ـن

هاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان زەنگی خوێندنی وەرزی ئەمساڵ لێدرا و دەستکرا بە خوێندن.
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە تەواوی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە گەوران و ئافرەتان و منداڵانەوە زەنگی خوێندنی ئەمساڵ لێدرا و پرۆسەی خوێندن دەستیپێکرد.
بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێم گوتی: بۆ ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا ژمارەی قوتابییان دیارنییە، چونکە هەندێکجار قوتابی واز دەهێنێت یان ناوی دەنووسێت، بۆیە تاوەکوو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ژمارەیان نازانرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ 23 قوتابی لە پۆلی 12ـی ئامادەیی بوون، سەرجەمیان دەرچوون و بەهەمانشێوە چاوەڕێی کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین دەکەن و بەشێک لە بەندکراوان تاوەکوو قۆناغی خوێندنی ماستەریش دەخوێنن.
ئیحسان بابان، باس لەوە دەکات، تەنیا لە چاکسازی ئافرەتان و منداڵان لە دهۆک خوێندن نەبوو، بەڵام بۆ ئەوانیش کرایەوە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ چاکسازییەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی پێنج هەزار و 802 بەندکراو هەن.