سوپای عێراق لە پردێ ڕووبەڕووی جووتیارانی کورد بووەتەوە

لەم وەرزەی دروێنەدا، جارێکی دیکە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک سەریهەڵدایەوە و لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای عێراق بە هێزێکی گەورەوە چووەتە سەر زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری شارۆچکەی پردێ و ڕێگری لە دروێنەکردنی بەرهەمەکانیان دەکات.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان 24 ڕایگەیاند، کێشەکە لەسەر ڕووبەری 1400 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ جووتیارانی کورد لە گوندی "گورزەیی" سەر بە ناحیەی پردێ دەگەڕێتەوە و خاوەنی تاپۆی فەرمین، بەڵام کەسێکی عەرەبی هاوردە بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکان و بڕیارێکی دادگا، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانە دەدات.

بەپێی زانیارییەکان، هێزێکی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق بە زرێپۆش و هەمەرەوە چوونەتە ناو کێڵگەکان و وەک بەربەستێک لەبەردەم جووتیارانی کورد وەستاونەتەوە. ئەو هێزە ڕێگری لەوە دەکەن جووتیارەکان بەرهەمی گەنم و جۆکانیان بدوورنەوە، ئەمەش وەک کارتێکی فشار بەکار دەهێنن تاوەکو زەوییەکان بۆ عەرەبە هاوردەکە چۆڵ بکەن.

یەکێک لە جووتیارانی گوندەکە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی زەوییەکانن و بەڵگەنامەی فەرمیی ساڵی 1976یان لەلایە کە موڵکداریی باو و باپیرانیان دەسەلمێنێت. ئەو جووتیارە باسی لەوەش کرد ئەو کەسەی ئێستا بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات، عەرەبێکی هاوردەیە و لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبکردندا هێنراوەتە ناوچەکە، بەڵام ئێستا بە بەرگێکی یاسایی و سەربازییەوە هەوڵی دەرکردنی کوردەکان دەدات.

جووتیارەکان نیگەرانیی خۆیان لە هەڵوێستی سوپای عێراق دەربڕی و جەختیان کردەوە کە سوپا لەجیاتی پاراستنی ئاسایش، بووەتە لایەنگر و بە زەبری هێز دەیەوێت زەوییەکان ڕادەستی عەرەبی هاوردە بکات. تەنانەت ئاماژەیان بەوەش دا لەکاتی گرژییەکاندا دەستدرێژی کراوەتە سەر گەنجێکی جووتیار.

بە گوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە فشارەکان بۆ سەر جووتیارانی کورد لە ناوچەکانی داقووق، سەرگەڕان و ئێستاش لە پردێ زیادیکردووە و سیناریۆی سەردەمی ڕژێمی بەعس دووبارە دەبێتەوە.

سەبارەت بە چارەنووسی زەوییەکان، جووتیارانی کورد سوورن لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری خاکەکەیان نابن. بڕیاریشە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کۆبوونەوەیەک لەنێوان لایەنە ئیدارییەکانی کەرکووک و نوێنەرانی جووتیاران و لایەنی بەرانبەر ئەنجام بدەن، هەرچەندە جووتیاران گەشبین نین و دەڵێن تەنانەت ئەگەر ڕێگەش نەدەن بەرهەمەکەمان بدوورینەوە، زەوییەکان چۆڵ ناکەین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment