جەواد زەریفی: ئێران لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەڵدەداتەوە

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، تاران هەوڵ دەدات لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بکاتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچەکە جگە لە دەستکەوت و بەرژەوەندی هاوبەش لە باشتربوونی پەیوەندییەکان هیچی تر ناچنێتەوە.

محەممەد جەواد زەریفی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی دەوحە لە قەتەر، لە دانیشتنێکدا لە ژێر ناوی "ئێران و گۆڕانی ژینگەی ئەمنی هەرێمی"، گوتی: "وڵاتەکەی خوازیاری هاوکارییە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هەروەها ئێران باجێکی زۆری داوە لە پشتیوانیکردنی فەلەستین.

جەواد زەریفی گوتویەتی: "ئێران وەکو گەورەترین وڵاتی ناوچەکە لە ڕووی ڕووبەرەوە، نایەوێت سنووری هیچ وڵاتێک ببەزێنێت و چاوی نەبڕیوەتە خاکی هیچ وڵاتێک، هاوکات کێبڕکێ لەسەر بەدەست هێنانی ئەو خاکانە ناکات کە سەر بە وڵاتەکەمان نین.

سەبارەت بەو گرژییانەی لە ناوچەکە هەیە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو قەیرانانەی هەڵگرتووە کە لە ناوچەکدا سەریان هەڵداوە، دەڵێت:" بۆچی لە هەموو ئەو گرفتانەی ئیسرائیل دروستی کردووە، ئێمە تاوانبار دەکرێین"؟.

جەختی لەوەکردووەتەوە، ئیسرائیل گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە، هاوکات ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەو وڵاتە،"پڕۆژەیەکی فراوانخوازانەی هەیە و هەوڵدەدات خۆی لە سەرووی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکانەوە بسەپێنێت".

زەریفی باسی لەوەکردووە، له ساڵانی نەوەدەکانەوە ئیسرائیل هەوڵی داوە ئێران وەک دوژمنێکی جێگرەوە  لە ناوچەکەدا نیشان بدات بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا واشنتن بە تایبەتی لە سەردەمی ئیدارەی کلینتۆن، بەردەوام بوو لە کارکردن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران.

لە بەردەوامی گفتوگۆکردن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران، وەزیرەکەی پێشووی ئەو وڵاتە، ئاشکرای کردوە، دوای ماوەیەکی کورت لە هاوکاری دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم خولی خۆیدا لە ساڵی 2018 لێی کشایەوە، وڵاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ ستراتیژی خۆڕاگری خۆی، هەروەها ئیران ستراتیژێکی هەیە کە لە هەموو ناوچەکە هاوشێوەی نییە. 

زەریفی لە بارەی وڵاتانی ئەورووپاوە ڕەخنەی توندی لە یەکێتیی ئەورووپا گرت، جەختی لەوە کردەوە، ئەورووپییەکان بەتەواوی متمانەی گەلی ئێرانیان لەدەست داوە، بە تایبەت دوای ئەو ڕێبازەی ئێستایان کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەمەریکا، لەبری ئەوەی ڕۆڵێکی سەربەخۆیان هەبێت لە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا.

 
Fly Erbil Advertisment