دانوستانەکانی ئێران و زلهێزەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچن

دانوستانەکانی ئێران و زلهێزەکان لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچن.
دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ زلهێزەکە (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، بە ئامادەبوونی کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە نیویۆرک بەڕێوەدەچن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممە دەکرێت. پێشتریش، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کردبوو، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بەرەو نیویۆرک گەشتی کردووە.
ڕۆژنامەی 'فەرهیختگان'ـی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئامانجی سەرەکی ئەم سەفەرە، ئەنجامدانی دانوستانی دوو قۆڵی و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەورووپا، بەتایبەت سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هاوکاریی دیپلۆماسییە.
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدان، ئێران لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کاتدا، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی دایەوە بۆ هەڵنەگرتنی سزای هەمیشەیی کە بەسەر ئێراندا سەپێنرابوو.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئاژانسی تاسی ڕووسی قسەی کردووە، دیپلۆماسیەتی ئێران بە چالاکانە هەوڵی ڕێگریکردن لە "سەپاندنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 28ـی سێپتەمبەر" دەدات. سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە "بە لەبەرچاوگرتنی دەرنەچوونی بڕیارنامەکە، ڕەنگە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دوای وادەی 30 ڕۆژ، واتە 28ی ئەیلوول بسەپێنرێن." بەڵام ئاماژەی بەوەشدا، "دانوستاندنەکان لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕەنگە هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، لەنێویاندا لە هەفتەی ئاستی باڵای کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سبەینێ لە نیویۆرک دەستپێدەکات."