سەدر هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی 'ئایینی ئیبراهیمی' لە عێراق دەدات

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بڵاوبوونەوەی 'ئایینی ئیبراهیمی' لە عێراق.

هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، "نوێژی هەینی هەمیشە وەک دڕکێک بووە لە چاوی داگیرکەران، ستەمکاران، گەندەڵکاران و تیرۆریستان، هەروەها دڕکێک بووە لە چاوی ئەوانەی ملکەچ گوشارەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە بوونە.

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە درێژەی گوتارەکەیدا، هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دا و ڕایگەیاند: بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە، بە دڵنیاییەوە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیبراهیمی لە ئانوساتدا دەبێت.

جەختی لەوە کردەوە، "ئێستا هاوکێشەکان پێچەوانە بوونەتەوە؛ بە جۆرێک موجاهید وەک تیرۆریست و تیرۆریستیش وەک دۆست وێنا دەکرێت. سەرباری ئەوەش، گەندەڵی بووەتە نەریت و ستەمکاریش کراوەتە پەیڕەو، تەنانەت لە لایەن ئەوانەشەوە کە بانگەشەی شوێنکەوتەیی ئێمە دەکەن، هەر بۆیە ئێمە تا ڕۆژی دوایی بێبەریبوونی خۆمانیان لێ ڕادەگەیەنین."

سەدر لە پەیامەکەیدا هێرشێکی توندی ناڕاستەوخۆی کردە سەر گەندەڵکاران، هۆکارەکانی لاوازبوونی پێگەی مەزهەبی بۆ ڕەفتارەکانی ئەوان گەڕاندەوە؛ بە تایبەت تێوەگلانیان لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامان و ملکەچی، لەگەڵ باڵادەستبوونی تەماحی دەسەڵاتخوازی بەسەریاندا. بە بڕوای سەدر، دەرەنجامی ئەم ڕەفتارانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئێستا مەزهەب ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیددی و گەمارۆدراو ببێتەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی دەرەکی.

 

ئایینی ئیبراهیمی چییە؟

ئایینی ئیبراهیمی زاراوەیەکە بۆ ئەو ئایینە یەکتاپەرستانە بەکار دێت کە هەموویان سەرچاوە و ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم. سێ ئایینە سەرەکییەکە بریتین لە؛ ئیسلام، کریستیان و جوو.

لەم ساڵانەی دواییدا زاراوەکە مانایەکی سیاسیشی وەرگرتووە، کە مەبەست لێی پڕۆژەیەکە بۆ لێکنزیککردنەوە و تێکەڵکردنی ئەم سێ ئایینە، وەک دەروازەیەک بۆ ئاشتەوایی سیاسی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل