ڕۆژنامەیەکی تورکی مەرجەکانی ئاک پارتی بۆ دەرکردنی یاسای چەکدانان ئاشکرا دەکات

ڕۆژنامەی حوڕییەتی تورکی، ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی نوێنەرانی ئاک پارتی لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە تێیدا مەرجەکانیان بۆ دەرکردنی یاسای پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی خستووەتە ڕوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئاک پارتی جەخت دەکاتەوە کە تاوەکوو هێزە ئەمنییەکان و دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) پشتڕاستی نەکەنەوە کە پارتی کڕیکارانی کوردستان (پەکەکە) و سەرجەم ڕێکخراوەکانی سەر بەو حزبە هەڵوەشاونەتەوە و چەکیان داناوە، هیچ یاسایەک بۆ پڕۆسەکە دەرناکرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە لەلایەن دەزگای میتەوە بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە، تا ئەو کاتە هیچ هەنگاوێک بۆ دەرکردنی یاسا نانرێت.

بەگوێرەی مەرجەکانی ئاک پارتی، دەبێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداردا بچنە پاڵ سوپای سووریا. هەروەها دوای ئەوەی بوونی ڕێکخراوەکە لە قەندیل کۆتایی دێت، نابێت ڕێگە بدرێت لە باکووری سووریا جارێکی دیکە سەر هەڵبداتەوە.

سەبارەت بە وردەکاریی یاساکە، ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە یاسای چاوەڕوانکراو تەنیا ئەندامێتیی ڕێکخراوەکە لە خۆ دەگرێت، واتە ئەو کەسانەی تۆمەتی دیکەیان لەسەرە دادگایی دەکرێن و بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئێستا سزا دەدرێن.

هاوکات ئەو کەسانەی تەنیا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوەکە زیندانی کراون ئازاد دەکرێن، هەروەها ئەو قەیومانەی بەهۆی ئەم هۆکارەوە دانراون لادەبرێن و دۆخەکە ئاسایی دەکرێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل