سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق: هیچ بەربەستێک بۆ ناردنی مووچە نەما

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی سێقۆڵی نەوت، هیچ بەربەستێک بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نەما، بە ئەگەری زۆرە سبەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر مووچەی مانگەکانی(7 و 8) و مووچەی مانگەکانی دیکەی مووچەخۆرانی کوردستان دەدرێت.
دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێی راگەیاندووە، سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت، بە دڵنیایی زۆرەوە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی و ناردنی مووچە دەخرێتە پاشکۆی بەرنامەی کاری کۆبوونەوە کە ئەمڕۆ لە هەولێر ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەبارەوە کرا، چونکە لەنێو کارنامەکە جێی بۆ کراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یاخود سبەی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاخود حکوومەتی فیدراڵ بە بەیاننامەی فەرمی، یاخود لە ڕێوەڕەسمێکدا ئەو ڕێککەوتنە ڕابگەیەنێت، ئەگەری ئەوەشی خستە ڕوو کە پێشبینی دەکرێت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سبەی ڕێککەوتنە ڕابگەیەنێت و باسی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بخاتەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی(7 و 8) و مانگەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بدرێت کە تا ئێستا 6 مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە.
دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت، ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان لە هەولێر واژۆ کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە.