لە زیقار ئەو خانووانەی بەهۆی بێ ئاوی چۆڵکراون بوونەتە پەناگەی مافییاکان
مافیاکان مەترسییان لەسەر ژیانی دانیشتووانی زیقار درووست کردووە
لە پارێزگای زیقاری عێراق بێئاوی چیتر کێشەیەکی ژینگەیی نییە. بەڵکو گۆڕاوە بۆ مەترسی ئەمنیی، چونکە ئەو خانووانەی خەڵکی گوندەکان بەهۆی بێئاوییەوە چۆڵیان کردووە بەهۆی دوورە دەستیانەوە گۆڕاون بۆ پەناگەی گرووپە مافیاییەکان و بازرگاکانی ماددەی هۆشبەر.
خەڵکی زیقار دەڵێن؛ خانووە چۆڵەکان گرووپی توندڕەو بازرگانەکان بۆ حەشاردانی چەک و ماددەی هۆشبەر بەکاریدەهێنن، دۆخەکە پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلەی ئەمنیی هەیە.
پارێزگای زیقار ڕووبەڕووی بێئاوییەکی خنکێنەر بووەتەوە، بێئاوی وای لە زۆرێک لە خێزانەکان کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوو لە ئاوارەیی بکەن، بەتایبەتی لە گوندەکان، ئەمەش وایکردووە خانووی گوندەکان بگۆڕێن بۆ لانەی لە یاسا دەرچوو و بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر، بەو هۆیەوە پارێزگای زیقاری ڕووبەڕووی مەترسی ئەمنیی بووەتەوە، خەڵک گوندەکان داوای چارەسەری ڕیشەیی بۆ کۆتایهێنان بە نەهامەتیەکانیان دەکەن.
دانیشتوویەکی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 150 خێزان لەم گوندەی ئێمە چۆڵیان کردووە و ڕۆشتوون، ئێمە ماوینەتەوە، خانووەکانی دەوروبەرمان چۆڵن، نازانین چیان تێدا دەکرێت و مەترسی لەسەر ئێمە دروستکردووە؛ هاوارمان گەیاندە زۆر جێگە بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە، لەڕێگەی ئێوەوە داوای چارەسەر دەکەین.
دانیشتوویەکی دیکەی زیقار دەڵێت: خەڵکی هەموو کۆچییان کرد بۆ کەربەلا و بەسڕە و بەغدا، کەس نەماوەتەوە، ماوەی دوو ساڵە دەیان جار چوینەتە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بۆ داواکردنی چارەسەری ئاو، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە.
بەرپرسانی خۆجێی پارێزگای زیقار دەڵێن؛ نەبوونی چاودێری لەسەر خانووە چۆڵەکان و دەستنەگەیشتن پێیان وایکردووە ببنە پەناگەیەکی ئارام بۆ چالاکییە نایاساییەکان. ئەمەش کێشەی بۆ هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە و ناوچەکانی دەوروبەری ناسەقامگیر کردووە. خەریکە بێئاوی لە کێشەیەکی ژینگەییەوە ببێتە کێشەیەکی ئەمنیی کە پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلە هەیە.
ناوچە چۆڵەکان بەتایبەتی خانووەکان ڕەنگە لەلایەن گرووپە مافیایەکانەوە بەکاربهێنرێن بۆ کاری ناسایی لەوانەش هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر، ئەوەش بەهۆی دووریان لەچاوی خەڵک، ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئێمەیە، دۆخەکە پێویستی بە هەوڵی ئەمنیی چڕ هەیە.
چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە پێویستی بە هەماهەنگی وەزارەتەکان و حکوومەتی خۆجێی زیقارە، ئەمە لەگەڵ بەشداریی ڕێکخراوەکان لەپێناو ئەوەی کێشەی بێئاوی نەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنیی لەسەر پارێزگاکە.