گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان: باوک و کوڕێک لە قەزای کفری کوژران

وێنەکە لە پەیجی پۆلیسی گەرمیان بڵاوکراوەتەوە
وێنەکە لە پەیجی پۆلیسی گەرمیان بڵاوکراوەتەوە

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی باوک و کوڕێک هێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای کفری شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەیانەوە بووە.

عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: بەیانی ئەمڕۆچوارشەمە، 24ـی ئەیلوولی 2025، تەرمی دوو هاووڵاتی کە باوک وکوڕن لەنەتەوەی عەرەب بەناوەکانی (عەزیز حەسەن بەرخەش ) لەدایکبووی 1978 و ( احمەد عەزیز حەسەن) لەدایکبووی2006 بەکوژراوی هێنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای کفری کەبەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانیان لەدەستدابوو، ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوتەی کەسوکاریان ئەم باوک و کوڕە بەتەنیا لەماڵی خۆیان بوون لەلایەن کەسی نەناسراوەوە بەفیشەک کوژراون.

گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، بەمەبەستی تۆیکاری تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار دەکرێ و لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی کفری پۆلیسی کفری چونەتەشوێنی تاوانەکە و لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە و ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتبار دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment