سبەی ناونووسین بۆ پرۆسەی حەج کۆتایی دێت

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا 87 هەزار هاووڵاتیی ناویان تۆمارکردووە بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو.

کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سبەی هەینی 26ـی ئەیلوول، کۆتا ڕۆژی ناونووسینی حاجیانی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش دوای درێژکردنەوەی بۆ هەمان ڕێککەوت.

گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاربوو 20ـی مانگ پرۆسەی ناونووسین کۆتایی پێبێت.

هەروەها باسی لەوە کرد، لە 20ـی مانگەوە تاوەکوو ئەمڕۆ شەش هەزار کەس سوودمەندبوونە.

کاروان ستوونی، گوتیشی: لە ڕۆژی کاراکردنی سیستەمی ناونووسین بۆ پرۆسەی حەج، زیاتر لە 60 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، ژمارەیان نزیکەی 87 هەزار هاووڵاتیی دەبن.

سیستەمی ناونووسینی ئەلیکترۆنی

لە وەرزی ئەمساڵدا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بۆ ناونووسینی حەج و عومرەکارانی کوردستان خستووەتەگەڕ.

گەشەسەندنی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە

ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا بووەتە هۆی دامەزراندنی نزیکەی 300 کۆمپانیای نوێی حەج و عومرە. لە ئێستادا 242 کۆمپانیا گرێبەستیان بۆ وەرزی عومرەی ئەمساڵ واژۆ کردووە و بە شێوەیەکی فەرمی گەشتیاران دەگوازنەوە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment