مەسرور بارزانی: جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکەینەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و کۆمپانیای سۆمۆ، دەستکەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەکانی هەموو لایەک بووە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە،، بەم هەنگاوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوت بەسترانەوە.

هاوکات سەرۆکی حکوومەت، دەستخۆشی لە هەموو لایەک و بە تایبەتی خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکات و دەڵێت: لەم ڕۆژە مێژووییەدا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەربەستێکی گەورەیان لە بەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵگرت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، جەخت لە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment