چیک بیر لە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی گشتی دەکاتەوە

دۆخی چیک و ئیتاڵیا مەترسیدارە

K24- هەولێر:

کۆماری چیک کە بەرزترین رێژەی تووشبووی بە کۆرۆنا هەیە لە ئەوروپا، لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوو، ئەگەر دۆخی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا هاوشێوەی ئێستا بێت، قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنێت.

کارێل هاڤلیچێک، جێگری سەرۆک وەزیرانی چیک رایگەیاند، لە ئێستادا باڕ و چێشتخانەکان داخراون، قوتابخانەکانیش بەشێوەی ئۆنڵاین وانە دەڵێنەوە، شوێنی بۆنەکان و هۆڵەکان داخراون، تەنها بازاڕەکان کراوەن، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بێت، قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنین.

بۆ هەر 100 هەزار کەسێک لە چیک کە رێژەی دانیشتوان تێیدا 10 ملیۆنە، 828 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، ئەم رێژەیەش 10 جار لە ئەڵمانیای دراوسێی زیاترە.

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا لە چیک، بۆ کردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکان دەگەڕێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیتاڵیا بە تۆمارکردنی 11 هەزار و 705 حاڵەت لە ماوەی 24 کاتژمێردا، بەرزترین ئاستی تووشبوونی بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمار کرد.

ئیتاڵیاش نیازی هەیە، رێکاری تووندتر بگرێتەبەر چونکە ژمارەی مردن لە 47 کەسەوە بۆ 69  کەس زیادی کردووە.

Reuters