پەیامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەرز دەنرخێنێت. هاوکات دەڵێت: ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بە دەستپێشخەریی واشنتن کراوە.

پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کرد.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو ڕێککەوتنە بە دەستپێشخەریی ئەمەریکا کراوە، کە سوود بە ئەمەریکا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکوومەتی عێراق، بۆ مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بەرز نرخاند.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی پەیوەندیی ئابووریی عێراق و ئەمەریکا، هەروەها دەبێتە هۆی وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بۆ مەبەستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕێککەوتین.

وەزارەتەکە میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی ڕوونکردەوە و باسی لەوە کرد، تەواوی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، کۆمپانیاکەش لە ڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات، جگە لەو نەوتەی کە دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ بەکاری دەهێنێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن.

وەزارەتەکە دەشڵێت: لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment