مردن بەهۆی کۆرۆنا لە ئەوروپا 250 هەزار کەسی تێپەڕاند
ئەوروپا دۆخی خراپە
K24- هەولێر:
لە ئەوروپا مردن بەهۆی کۆرۆنا، 250 هەزار کەسی تێپەڕاند، لە ماوەی یەک هەفتەی رابردووش، حاڵەتە نوێکان بە رێژەی 44% زیادیان کردووە.
فەرەنسا قەدەغەی هاتووچۆی لە شەواندا راگەیاندووە و سویسراش، پۆشینی ماسکی کردووە بە ناچاری.
زۆرترین مردن لە بەریتانیا تۆمار کراوە و لە فەرەنساش رۆژانە 30 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە دەبن.
هەر کەسێک لە فەرەنسا پابەندی رێنماییەکان نەبێت، بە بڕی 135 یۆرۆ سزا دەدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چیک و ئیتاڵیا رۆژانە حاڵەتە نوێکانیان زۆر زیاد دەکەن و رێکاری تووندیان گرتووەتەوە بەر.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، بڕیاری داخستنی رێستۆرانت و شوێنە گەشتییەکانی داوە و داواش دەکات، هاووڵاتیان لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەوروپا بەدەست ئەم شەپۆلە نوێیەی کۆرۆنا رێکاری تووندتری گرتووەتەوە بەر، بەڵام حاڵەتەکان بەردەوام لە زیادبووندان و ئەگەری راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە چەند وڵاتێک هەیە.
AFP