ترەمپ فەرمانی بەردەوامبوونی تیک تۆک لە ئەمەریکا واژۆ دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکرد کە بە وتەی خۆی، ڕێگە بە تیک تۆک دەدات بەردەوام بێت لە کارەکانی لە ئەمەریکا بە شێوەیەک لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی یەکدەگرێتەوە.

ترەمپ گوتی: "لەگەڵ سەرۆک شی قسەم کردووە، گفتوگۆیەکی باشمان کرد، پێم گوت چی دەکەین، ئەویش پێی وتم کە بەردەوام بم لەسەری."

ترەمپ جەختی کردەوە ئەپەکە "بەتەواوی لەلایەن ئەمەریکاوە بەڕێوەدەبرێت" و ئاماژەی بەوەشکردووە، مایکل دێڵ و ڕوپەرت مردۆک و "پێدەچێت چوار یان پێنج وەبەرهێنەری ئاست بەرزی جیهانی" بەشێک بن لە گرێبەستەکە. تیک تۆک تاکوو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر قسەکانی ترەمپ نەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنێکی پێشنیازکراوی دانانی تیک تۆک لەژێر خاوەندارێتی ئەمەریکادا دەربڕیوە.

ترەمپ ستایشی تیک تۆکی کرد کە 170 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمەریکا هەیە و یارمەتی داوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا. سەرۆک لە هەژماری تایبەتی خۆیدا 15 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە. هەروەها کۆشکی سپی مانگی ڕابردوو هەژمارێکی فەرمی تیک تۆکی کردەوە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەهای کۆمپانیا نوێیە ئەمەریکییەکە نزیکەی 14 ملیار دۆلار دەبێت، ئەمەش یەکەمجارە نرخی ئەپی کورتە ڤیدیۆی بەناوبانگ ئاشکرا بکرێت. ڤانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ گوتی: "ئەوەی ویستمان ئەوە بوو تیک تۆک بە کارکردن بهێڵینەوە، هەروەها ویستمان دڵنیا بین لەوەی داتای ئەمەریکییەکان دەپارێزێت، وەک ئەوەی یاسا داوا دەکات."

جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ساڵی ڕابردوو یاسایەکی واژۆکرد و داوای لە کۆمپانیای بایتدانس چینی کرد تا سەرەتای ئەمساڵ سەروەت و سامانی تیک تۆک بە کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بفرۆشێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی قەدەغەکردنی سەرانسەری وڵات ببێتەوە. بەڵام ترەمپ چەندان جار فەرمانی واژۆ کردووە ڕێگە بە تیک تۆک دەدات بەردەوام بێت لە کارەکانی لە ئەمەریکا لە کاتێکدا ئیدارەکەی هەوڵدەدات بگەنە ڕێککەوتن بۆ فرۆشتنی ئەو کۆمپانیایە سۆشیال میدیایە.

 
 
Fly Erbil Advertisment