هاتووچۆی هەولێر شوفێرێکی سەرپێچیکار دەستگیر دەکات

ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤۆلکس واگن 'ئەتلەس' لە شەقامی 120 مەتری بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکە دەڕۆیشت و مەترسی خستبووە سەر ژیانی هاووڵاتییان، دەستی بەسەردا گیرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ کاتژمێر نزیکەی 11:00 شەو، ئۆتۆمبێلەکە لە شەقامی 120 مەتری خێرا، نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ئاراستەی پێچەوانە جووڵەی دەکرد، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی خۆی و شوفێرانی دیکە دروست کردبوو.

ڕاشیگەیاند، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، توانییان لە کاتێکی پێوانەیی و لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا بگرن. شوفێرەکەشیان ڕەوانەی بنکەی پۆلیس کرد بۆ ئەوەی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکرێت بەرامبەر ئەو کارە مەترسیدارەی ئەنجامی داوە.

هاتووچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم شوفێران دەکات بە هیچ جۆرێک بە پێچەوانەی ئاراستەی شەقامەکانەوە لێ نەخوڕن، بەتایبەتی لە شەقامە خێراکاندا، چونکە ئەگەری زۆری ڕوودانی کارەساتی هاتووچۆی هەیە. هەروەها جەختی کردەوە، ئەم جۆرە پێشێلکارییانە مافی گشتیی دەشێوێنن و ئەنجامدەرانی تووشی لێپرسینەوە و سزای توند دەبن.

 

 
Fly Erbil Advertisment