ڕەشەبایەکی بەهێز لە فلیپین هەزاران هاووڵاتی ئاوارە کرد

حکوومەتی فلپین ڕایگەیاند: بەهۆی رەشەبایەکی بەهێز کە وڵاتەکەی گرتووەتەوە، 400 هەزار هاووڵاتی لە ناوچەکانی خۆیان گواستراونەتەوە، سەرباری کەوتنی چەندین ستوونی کارەبا و ڕووخانی باڵەخانە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تا ئێستا سێ هاووڵاتی بەهۆی ڕەشەباکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی، 26ی ئەیلوولی 2025، بەرپرسانی بەرگریی شارستانیی ناوچەی بیکۆل لە باشووری دورگەی لیزۆن، ڕایانگەیاند: سێ هاووڵاتی لە دوای ڕووخانی دیوارێک بەسەریاندا، گیانیان لەدەستداوەو چەندین داریش بەهۆی هێزی باکەوە کە خێراییەکەی گەیشتووەتە 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، لە ڕەگەوە هەڵتەکاون.

برناردۆ ئەلیخاندرۆ، بەرپرسێکی بەرگریی شارستانیی شارەکەیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: 400 هاووڵاتی ماڵەکانی خۆیان چۆڵکردووە, بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان چوونەتە شوێنی سەلامەتتر.

فراندێل ئانتۆنی، کارمەندی فریاگوزاریی  لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئێستا خەریکی خاوێنکردنەوەی ڕێگاکانن لەو دارانەی لە ڕەگەوە هەڵتەکاون، سەرباری ئەو ستوونانەی کارەبا کە کەوتوون و ڕێگای هاتوچۆی هاووڵاتییانیان داخستووە. 

هەروەها جیروم مارتینیز، ئەندازیار لە شارەوانی ماسباتی لە باشووری لۆزۆن ڕایگەیاند، تا ئێستا ڕەشەبای بەهێزی لەمجۆرە پێشتر ڕووی نەداوە، گوتی: پێموایە خەڵکانێکی دیکەش ناچار دەبن شوێنەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە زۆر لە باڵەخانەکان ڕووخاون و ڕێگرن لە هاتوچۆی خەڵک.

ئەم ڕەشەبایەی فلیپین لەدوای زریانی ڕاگاسا دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تایوانی دابوو، لە ئەنجامدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 33 کەسیش  بێ سەروشوێنبوون.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment