لە سۆران سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەڕێوە دەچێت

لە سۆران، جووتیارێکی نموونەیی سێ تۆن بەرهەمی باخی بەخۆڕایی دەبەخشێتەوە.
تەحسین برایم، جووتیارێکی نموونەیی سنووری ئاکۆیان لە ڕواندز، بە چەندان جۆری ترێ و هەنار و بەرهەمی دیکەی باخەکەیەوە، بەشداری سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سۆرانی کردووە. پلانی تەحسین جیاوازە لەگەڵ جووتیارانی دیکەی بەشداربوو؛ ئەو دەیەوێت لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا سەرجەم ئەو بەرهەمانەی هێناویەتی، کە نزیکەی سێ تۆن دەبێت، بە خۆڕایی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش بکات.
ئەمڕۆ هەینی، 26ـی ئەیلوولی 2025، تەحسین برایم، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، "هاتووینەتە ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئەوەی لە خۆشی و ناخۆشییەکانی سۆران بەشدار بین. نزیکەی 200 جۆر میوەمان هێناوە، لەوانەش زیاتر لە 25 جۆر ترێ بۆ نمایشکردن. هەموو ئەوەی لێرەیە بۆ نمایش، لە کۆتا ڕۆژدا بەخۆڕایی دەیبەخشم."
لای خۆیەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەدا، "لە داهاتوودا کۆنفرانسێکیشمان دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەو بەرهەمە خۆماڵییانە ئاشنا بکەین. خەڵکی ئێمە لە جاران زیاتر بەدوای شتی هەرزان دەگەڕێت، بەڵام دەبێت ئێمە هاووڵاتییانی خۆمان هۆشیار بکەینەوە سەبارەت بە جیاوازییەکانی ئەم بەرهەمانە و هانیان بدەین پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستن. هەروەها وەک هاندان و پشتیوانی بۆ جووتیاران، ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە ڕێکدەخەین."
سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی سۆران بە بەشداری 56 جووتیار و بەرهەمی جۆراوجۆرەوە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.