کۆمپانیای DNO پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات

کۆمپانیای DNO ASA، کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە، پێیان گوتراوە خۆیان بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە لە 27ـی ئەیلوولی 2025، ئامادە بکەن، ئەوەش دوای ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت کە دوێنێ بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیای DNO کە ئاماژەی پێکردووە، بەپێی ئەوەی پشکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فرۆشەکانی کێڵگەی تاوکێ لە ئێستادا ڕۆژانە 38 هەزار بەرمیلە، بۆ هەناردەکردن ئامادە دەکرێت، بڕی نەوتی ماوە کە پشکی گرووپی بەڵێندەرە بیانییەکان پێکدێنێت لە DNO و Genel Energy International Limited، کە لە ئێستادا ڕۆژانە بە تێکڕا 30 هەزار بەرمیلە، بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی بە کڕیارە ناوخۆییەکان بەپێی گرێبەستەکانی هەیە.
بێژەن موسەوەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکار، ڕایگەیاند: "کۆمپانیای DNO دڵخۆشە کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و ئێستا بەرەو بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەڕوات" ،هەروەها گوتی: "ئێمە بڕیارمانداوە ئێستادا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدار نەبین لە هەناردەکردندا و بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی نەوتەکەمان بە شێوەی مانگانە، کاش و بارکردن، بە کڕیارەکانمان بە نرخی کەمتر لە 30 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک."
موسەوەرڕەحمانی گوتیشی: " ئێمە تێدەگەین کڕیارەکانمان پلانی تایبەتی خۆیان داناوە بۆ ئەو نەوتەی کە لە ئێمە دەکڕدرێت، ئەمەش هەنگاوێکە ئێمە بە گەرمی پێشوازی لێدەکەین، چونکە پشتیوانی لە پڕۆژەی فراوانکردنی هەناردەکردن دەکات."
ماوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییانەی کە بەشدارن، لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، چاوەڕوان دەکرێت یەکەم قۆناغی پارەدان بە 14 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک بێت (دوای کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە) لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمدا، ئەو بڕە لە ساڵی 2026 دا دەستکاری دەکرێت بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی "مۆدێلە بازرگانییەکان و گرێبەستەکان" لەلایەن ڕاوێژکارێکەوە کە لەلایەن بەغداوە دیاری کراوە.
موسەوەر ڕەحمانی گوتی: "کۆمپانیای DNO تازە پڕۆژەیەکی گەورەی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابیر دەستپێکردووە بۆ گۆڕینی ئەو ئامێرانەی کە لە کاتی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی مانگی تەممووزدا زیانیان پێکەوتووە، دواتر هەشت بیری نەوت لە ساڵی 2026 دا لێدەدرێت بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا." ئەو گوتی: "تەنیا بە بەردەوامی و پێشبینیکردنی پارەدارکردن، دەتوانین پشتیوانی لەم پڕۆگرامە گەورەیە بکەین، ڕەنگە دەستمان لە هەندێک پارەمان هەڵگرتبێت، یان ڕەنگە نا، بەڵام بێگومان بەهایەکی زۆر زیاتر لەو وەبەرهێنانانە بەدەست دەهێنین کە دەیکەین نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ هەموو عێراقییەکان."
کۆمپانیای DNO ASA کۆمپانیایەکی نەوت و گازی نەرویجییە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا کاردەکات، کۆمپانیاکە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و لە بۆرسەی ئۆسلۆ لەنێو لیستەکاندایە، خاوەنی پشکە لە مۆڵەتەکانی سەر زەوی و دەریا، هەروەها پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و نەرویج، شانشینی یەکگرتوو، کۆت دیڤوار، هۆڵەندا و یەمەن دەکات.