٪12ـی کارەکانی بەنداوی دووین تەواو بووە
ساڵی 2027 ئاو گلدادەتەوە

کارکردن لە پڕۆژەی بەنداوی ستراتیژیی دووین بەردەوامە و بەپێی وتەی بەرپرسانی پڕۆژەکە، نزیکەی 12%ـی کارەکان تەواو بوون و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی 2027 دەست بە گلدانەوەی ئاو بکرێت.
ئەمڕۆ هەینی،26ی ئەیلوولی 2025، محەممەد کەمال، ڕووپێوی پڕۆژەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لەم کاتەدا لە بەنداوی دووین خەریکی دروستکردنی 'دایڤێرجن چەناڵ'ین بۆ لادانی ڕێڕەوی ئاو، لەگەڵ دروستکردنی 'کەڤەردام' بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا بتوانین کاری هەڵکەندن ئەنجام بدەین."
محەممەد کەمال، ئاماژەی بەوەشدا، لە بەشی لادانی ئاوەکە، کاری هەڵکۆڵین تەواو بووە و ئێستا خەریکی کۆنکریتین. هەروەها کەڤەردامەکە وەک بەربەستێک پێش دایڤێرجن چەناڵەکە دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێگربێت لە چوونە خوارەوەی ئاو بەرەو نزیک لاشەی بەنداوەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی محەممەد پڕۆژەکە، نزیکەی مانگێکی دیکە کارەکانی بەشی کەڤەردام تەواو دەبێت، دواتر دەست دەکرێت بە کاری هەڵکەندنی لاشەی بەنداوەکە. پڕۆژەی بەنداوی دووین دوای تەواوبوونی، توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی دەبێت، هاوشێوەی پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان.
محەممەد کەمال، ڕآشیگەیاند، جگە لە سوودەکانی گلدانەوەی ئاو، ئەم پڕۆژەیە بە گشتگیر دادەنرێت، چونکە چەندان ڕێگای گواستنەوەش لەخۆ دەگرێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوچەکە دوورەدەستە و پێشتر خزمەتگوزاری کەمتر پێگەیشتووە. بەنداوەکە سوودێکی زۆری دەبێت لە ڕووی گەشتوگوزاری، سامانی ماسی و دابینکردنی ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی خوار بەنداوەکە.