لە زیقار بە بەردەوامی مەترسی لەسەر ژیانی قوتابیان هەیە

سەرەڕای بەڵێنی لێژنە حکوومییەکانی پارێزگای زیقار بۆ دروستکردنی پردێکی نوێ و سەلامەت، قوتابیانی گوندێکی سەر بەو پارێزگایە هێشتا ناچارن بەسەر پردێکی مەترسیدار و شکاوەوە بپەڕنەوە بۆ قوتابخانە. ئەم دۆخە مەترسی خستووەتە سەر ژیانی منداڵان و بێهیوایی لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا دروست کردووە، کە پێیان وایە بەرپرسان تەنها قسەی گەورە دەکەن و بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن.

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ڕابردووی کوردستان24، کچە قوتابییەک داوای دروستکردنی پردێکی سەلامەتی لە بەرپرسان کردبوو. دوای ئەم ڕاپۆرتە، لێژنەکانی پارێزگا سەردانی ناوچەکەیان کرد و بەڵێنی دروستکردنی پردێکی نوێیان دا، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی کوردستان24، تا ئێستاش ئەو بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە.

ئەسما محەممەد، قوتابییەک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو پردەی بەسەریدا دەپەڕینەوە زۆر مەترسیدارە و شکاوە. کاتێک پۆلی یەکەم بووم تا ئێستا بە ترسەوە بەسەریدا دەڕۆین."

ئەم ووتانە کاریگەری زۆریان هەبوو و هیوایەکیان لای خەڵک دروست کرد، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەموو ئەو هیوایانە لەبارچوون. نە هیچ پردێک دروستکرا و نە مەترسییەکانیش ڕەوینەوە، قوتابیان بەردەوامن لە پەڕینەوە بەسەر پردێکی ماندوو و دڵەڕاوکێی دایکان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە جێبەجێنەکراوە دەکەن.

مامۆستا ئەحمەد یاسین، دەڵێت: "لێژنەکانی پارێزگا و چەندان بەرپرس هاتن و سەردانیان کردین، تەنانەت نەشماندەزانی ئەوان کێن، بە قات و ڕیباتەوە هاتن و قسەی گەورەیان کرد، بەڵام هیچیان نەکرد."

هاووڵاتی ئەحمەد ڕەزاقیش گوتی: "ساڵی ڕابردوو لە دەستپێکی ساڵی خوێندن هاتن و بەڵێنیاندا، لە ماوەی مانگ و نیوێک پردمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام هەمووی درۆ بوو. دواتر ساڵێکیش تەواو بوو هەر هیچ نەکرا، ئەمساڵیش خوێندن دەستیپێکردەوە و پاش ماوەیەک بارانبارین و زستان دەستپێ دەکەن، هێشتا هیچیان نەکردووە، ئێ منداڵان چۆن بپەڕێنەوە!"

خەڵکی ناوچەکە لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدان، بەتایبەت لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی خلیسکانی منداڵان لەکاتی پەرینەوە. هەر بۆیە هەندێک لە خێزانەکان ناچارن منداڵەکانیان نەنێرنە قوتابخانە، سەرەڕای درکپێکردنیان بە گرنگی خوێندن، بەڵام سەلامەتی منداڵەکانیان لە پێشترە.

محەممەد سادق، قوتابییەکی دیکە، دەڵێت: "من ئێستا پۆلی چوارەمم، لە پۆلی یەکەمەوە تا ئێستا بەسەر ئەو پردە شکاوەدا تێدەپەڕم."

ئەبوو ڕەزا مەلخانی، هاووڵاتییەک، داوا لە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار دەکات و دەڵێت: "سەیرێکی ئەم دۆخەمان بکەن، تەنانەت منداڵانی پۆلی یەکەمیش بەسەر ئەو پردە لاوازەدا دەپەڕنەوە."

لەنێوان مەترسیی سەر گیانی منداڵەکانیان و خواستیان بۆ خوێندنی ڕۆڵەکانیان، خەڵکی گوندی سێکیو کەوتوونەتە بەردەم واقعێکی تاڵ. بۆیە داوای چارەسەرکردنی خێرا یان گۆڕینی پردەکە دەکەن، پێش ئەوەی مەینەتییەکانی ڕۆژانەی قوتابیان ببێتە کارەساتێکی گەورە.

Fly Erbil Advertisment