ڕێبوار هادی: یەکەمجارە پشکی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم بە 50 هەزار بەرمیل دەستنیشان بکرێت

ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24دا ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیا نەوتییەکان، دەبێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقی ڕایگەیاند، لایەنی گرنگی ئەم ڕێککەوتنە ئەوەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر خۆی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت دەکات و جارێکی دیکە نەوتی هەرێمی کوردستان دەنێردرێتەوە بازاڕەکانی جیهان و پیشەسازی نەوت هەر لەدەست هەرێم دەمێنێت بە دانپێدانانی حکوومەتی عێراق و پێشوازیی نێودەوڵەتی و ئەمەریکی.
ڕێبوار هادی گوتیشی: ئەم ڕێککەوتنە سێقۆڵییە، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی پاراستووە و بەربەستەکانی بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتووە.
هەروەها گوتیشی: یەکەمجارە پشکی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم بە 50 هەزار بەرمیل دەستنیشان بکرێت و هەرێمی کوردستان بە شێوازێکی باش لەنێو گرێبەستی خزمەتگوزارییە نەوتییەکاندا ڕۆڵی دەبێت و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە تێچووی گرێبەستەکانی هاوبەشیی کەمترە.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕێبوار هادی گوتی، بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە تەنها لە بەرژەوەندی هەرێم نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی عێراقیشە کە کورتهێنانی لە بودجە دا هەیە و بە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەشێکی کورتهێنانەکە چارەسەر دەبێت.
هەروەها گوتیشی: کردنەوەی دەرچەیەکی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت جگە لە دەرچەی کەنداو، لەڕووی جیۆسیاسییەوە گرنگییەکی زۆری بۆ حکوومەتی عێراق هەیە.
ڕێبوار هادی ئاماژەشیدا، بنبڕبوونی کێشەکە پەیوەستە بە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز کە حکوومەتی هەرێم ڕەشنووسەکەی ئامادە کردووە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی بەرهەمهێنی نەوت.
لەبارەی دەستنیشانکردنی 16 دۆلار وەکوو تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت، ڕێبوار هادی گوتی، پێشکەشی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نەوتی دەکرێت و لە ماوەی 60 ڕۆژدا ئەگەر هەر تێبینییەکیان هەبوو لەسەر دەستنیشانکردنی ئەم بڕە پارەیە، ئەوا پێشنییازەکەیان وەردەگیرێت.