دیمەشق بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی دەرکرد

دادگای سووریا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی سووریا، بەشار ئەسەد، بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست و ئەشکەنجەدانی بەرهەڵستکاران، دەرکرد. 

شەممە، 27ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا 'سانا' لە زاری تۆفیق عەلی، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دیمەشق، بڵاوی کردەوە "بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ساڵی 2011ـی پارێزگای دەرعا، دەرکرا، کە تۆمەتەکانی 'کوشتنی بە ئەنقەست و ئەشکەنجەی تا مردن و بێبەرییکردن لە ئازادی' دەگرێتەوە.

عەلی، ڕایگەیاند "بڕیارەکەی دادگا، بۆ پۆلیسی ئینتەرپۆڵ دەنیردرێت تاوەکوو وەک کێشەیەکی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."

ئەو دادوەرە هەروا گوتی: ئەم بڕیارە لەسەر داوا و سکاڵای کەسوکاری قوربانیانی پارێزگای دەرعا دراوە. ئەمەش یەکەم جارە حکوومەتی نوێی سووریا بڕیارێکی لەم جۆرە دەردەکات. 

پێشتر، دادگایەکی فەرەنسا، لە تشرینی دووەمی 2023 دا، بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی دەرکرد، بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ناوچەکانی غۆتە و دەوروبەری دیمەشق لە ساڵی 2013 دا کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی بێچەک.

دواتر و لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا، داواکاری گشتیی فەرەنسا، داوای کرد بڕیارێکی نێودەوڵەتیی نوێ بۆ دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد و حەوت گەورەبەرپرسی دیکەی ڕژێمەکەی بدرێت، بە تۆمەتی تەقاندنەوەی ناوەندی ڕۆژنامەگەریی لە شاری حمس لە ساڵی 2012، کە تێیدا خانمە ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ماری کۆلڤین و وێنەگری فەرەنسی ڕیمی ئوشلیک کوژران. 

 
Fly Erbil Advertisment