ئەمەریکا نێوەندگیریی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات

وەزیرانی دەرەوی هەردوولا دەچنە واشنتن

K24- هەولێر:

بڕیارە رۆژی هەینی، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە جیا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا کۆببێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی پۆلیتیکۆ، هێشتا دیار نییە ئەو دوو  وەزیرە پێکەوە دواتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆدەبنەوە، بەڵام ئاماژەکان وا دەردەخەن، ئەمەریکا دەیەوێت کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنێت.

ئەو هەنگاوە لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاوە پشتیوانیی لێدەکرێت بەوەی دەیەوێت ئاشتی ئەو دوو وڵاتە وەکو بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت.

بەگوێرەی پۆلیتیکۆ، سەرەتا جەیهون بایرامۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان لەگەڵ پۆمپێیۆ کۆدەبێتەوە و دواتر زۆهراب مناتساکانیانی وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرایانکردووە، دەیانەوێت لە رێگای گفتوگۆ کێشەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر هەرێمی کاراباخ چارەسەر بکەن.