ئەمەریکا سوودان لە لیستی تیرۆر دەردەکات

ترەمپ یەک مەرجی هەیە

K24- هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، سوودان لە لیستی ئەو وڵاتانە دەردەهێنێت کە بە سپۆنسەری تیرۆر هەژمار دەکرێن.

راشیگەیاند، ئەگەر سوودان ئامادە بێت 335 ملیۆن دۆلار لە بەرامبەر ئەو ئەمەریکیانەی بوونەتە قوربانی دەستی میلیشیاکان بداتە واشنتن، ئەوا سوودان لە لیستی تیرۆر دەردەهێنرێت.

ئەم هەنگاوە هاوکاری سوودان دەکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل باشتر بکات، هاوشێوەی ئیمارات و بەحرەین.

ترەمپ لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، دەستکەوتێکی ماوەی سەرۆکایەتیی ئەوە.

ئەگەر سوودان لەو لیستە دەربکرێت، ئەوا دەتوانێت داوای قەرزی نێودەوڵەتی بکات و وەبەرهێنان لە وڵاتەکەی زیاتر بکات.

لە ساڵی 1993ـەوە سوودان لە لیستی تیرۆر دایە چونکە ئەمەریکا پێی وابوو عومەر بەشیری سەرۆکیان، هاوکاری میلیشیاکانی ئەو وڵاتە دەکات.