بە بڕیاری سەرۆک وەزیران 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات خەرجکرا

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 195 ملیار دینار بۆ دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات دا، کە ڕۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە سنووری قەزای خەبات و ناحیەکانی ڕزگاری و تۆبزاوە و کەورگۆسک و 40 گوندی سنوورەکەش تا ساڵی 2050 لێی سوودمەند دەبن.
فەرمانگەی میدیای و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئەیلوولی2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی 195 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی خەبات
ڕاشیگەیاندووە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چارەسەریی ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، بڕیاریدا بە دروستکردنی گەورەپڕۆژەی ئاوی خەبات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، پێشتر لە ڕۆژی 16ی تەممووزی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەمە مەبەستە، نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەرز کردبووە و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنی پرۆژەی ئاوی قەزای خەبات کە یەکێکە لە گەورەپڕۆژە نوێیەکانی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، کە بەم زووانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.
دەشڵێت: پرۆژەی ئاوی خەبات، پرۆژەیەکی گەورە و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە ڕۆژێکدا توانای بەرهەمهێنانی 120 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە، زیاتر لە 400 هەزار کەس لە سنووری قەزای خەبات و ناحیەکانی ڕزگاری و تۆبزاوە و کەورگۆسک و 40 گوندی سنوورەکەش تا ساڵی 2050 لێی سوودمەند دەبن.
هەروەها ئاماژەشی داوە، "وێڕای ژمارەیەک خەزان و پێگەی سەرەکیی پرۆژەکە، درێژی بۆرییەکانی نزیکەی 300 کیلۆمەترە و پێنج کیلۆمەتریش کارەبای لەگەڵدایە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەکەی دا، ئێستا کار لەسەر قۆناغەکانی پرۆسەی تەندەرینگ دەکرێت و بەمزووانە ئەم گەورەپرۆژەیەش لە هەولێر دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.