ئەوانەی زەوییەکانیان بەر پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەکەوێت قەرەبوو دەکرێنەوە

پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری هەولێر دروست دەکرێت و یەکەم قۆناغی پرۆژەکە دەستی پێکردووە. قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لەسەر ڕووبەری 13 هەزار دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا دەست بە پاککردنەوەی زەوییەکە کراوە و بڕیارە تا 20  ڕۆژی دیکە داری لێ بچێندرێت.

 درێژیی پرۆژەکە 85 کیلۆمەترە و پانی دوو کیلۆمەترە، خاوەن ئەو زەوییانەش قەرەبوو دەکرێنەوە کە زەوییەکانیان بەر پرۆژەکە دەکەوێت، بە تەواوبوونی پرۆژەی پشتێنەی سەوزایی ڕێژەی سەوزایی لەشاری هەولێر دەبێتە دوو هێندە.

نیکۆلاس بورجیۆس، شارەزای نێودەوڵەتی لە چاندنی نەمام، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم زۆنەی ئێرە لەوانەیە زۆرینەی دار زەیتوون بێت، داری زەیتوون دارێکی زۆر بەهێزە کە ژینگەکە دەپارێزێت و بەرهەمیشی هەیە و بەو جۆرە ئەم پرۆژە دوو لایەنی باش دەپێکێت، کە یەکێکیان زیادکردنی سەوزاییە و ئەوەی دیکەشیان زیادکردنی بەرهەمە.

جورجیوس کۆستێلێنۆس، شارەزای نێودەوڵەتی لە داری زەیتوون، گوتی: "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشکنین بۆ خاکەکە بکەین بە مەبەستی دەستنیشانکردنی چاندنی جۆری زەیتوونی گونجاو و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی خاکەکە" هەروەها ستایشی گرنگی پرۆژەکەشی کرد.

لەتەواویی پرۆژەکەدا حەوت ملیۆن داری فستق و زەیتوون دەچێندرێن، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاوی تێدا دروستدەکرێت بۆ ئاودانی دارەکان، بڕیارە هەموو ئەو خاوەن موڵکانەی کە زەوییەکانیان بەر پرۆژە دەکەون قەرەبووبکرێنەوە.

 

 

 

 

Fly Erbil Advertisment