هێمن نەزیف: دوو مانگی دیکە تەواوی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر تەواو دەبێت

پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، کە توانای دابینکردنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا، لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. قۆناغی یەکەم لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە کەوتووەتە کار و ڕۆژانە 10 هەزار مەتر سێجا ئاو دەگەیەنێتە ناو شاری هەولێر.
ئەم پڕۆژەیە بە ستانداردە جیهانی و نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) کار دەکات بۆ فلتەرکردن و پاککردنەوە و ئامادەکردنی ئاوەکە بە کوالێتییەکی بەرز پێش ئەوەی ڕەوانەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر بکرێت.
هێمن نەزیف، بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "پڕۆژەکەمان لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و زیاتر لە ٩٥%ـی کارەکانی تەواو بووە، هێڵێکیان زیاتر لە سێ مانگە کار دەکات و توانیویەتی شاری هەولێر لە قەیرانێکی گەورەی کەمئاوی ڕزگار بکات، تەواوی گەڕەکەکانی دیکە، کە دەکەونە ناوچەی 150 مەتری وەکو کەسنەزان، بەحرکە، شاوێس، پیرمام و دەوروبەری، سوودمەند دەبن لە هێڵی دووەمی پرۆژەکە.
بەڕێوەبەری پرۆژەکە ئاماژەی بەوەدا، کە کارەکانی بیناسازی و کۆنکریت بەڕێژەی ٩٥% تەواو بووە و ئەوەی ماوە سیستەمی ئۆتۆمەیشنی پرۆژەکەیە کە بە تەواوی ئەلیکترۆنییە و خۆی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات لە ڕێکخستنی پەستان و ئاستی ئاوی ناو شار، ئاشکرای کرد کە دوای دوو مانگی دیکە تەواوی پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەخرێتە کار.
بەڕێوەبەری پرۆژەکە ڕوونیکردەوە، کە بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە، نزیکەی 450 بیری ئاو ڕاگیراون، ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی ستراتیژی بۆ 30 ساڵی داهاتوو دروست کراوە و کێشەی کەمئاوی لەسەر ئاستی شاری هەولێر بەتەواوی چارەسەر دەکات، لەمساڵدا هیچ کێشەیەکی کەمئاوی دروست نەبووە، خەڵک ئێستا داوای کەمکردنەوەی پەستانی ئاو دەکەن نەک زیادکردن، چونکە حەوزەکانیان پڕ بووە.