سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە هەڕەشە دەکات

موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە ڕاگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' هەڕەشە لە لایەنە سیاسییە شیعەکانی عێراق دەکات و بە لاواز و گەندەڵ تاوانباریان دەکات.
سەدر، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە لە عێراق کە بەبێ بەشداری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە دەکرێت؛ ئەمەش بووەتە مایەی ترسی بەشداران و وای لێک دەدەنەوە کە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە بەزۆر، ڕێگریی لەگەیشتنە سندووقەکانی دەنگدان دەکات.. هەروا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە ڕەوتەکە ئاژاوە و ئاڵۆزیی دەنێتەوە بۆ تێکدانی هەڵبژاردن.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، دەشڵێت: دیارە هەر کەسە و گوێز لە هەمبانەی خۆی دەژمێرێت. چونکە ئەگەر بە دەستی ئەوانە بووایە، لەوە خراپتریان دەکرد. بەڵکوو هەندێکیان هیواخوازن هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا نەکرێت، چونکە لە ئەنجامەکانی دڵنیان و دەزانن لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە، یان دەستکەوتیان تێدا نابێت. ئاخر ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان پێش پرۆسەی دیموکراسیی، ئەگەر هەبێت، دەخەن.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوانە هێشتا تیرەکانیان ئاراستەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە دەکەن؛ هەرچەند ڕەوتەکە وازی لە بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هێناوە و ئەو هەڵبژاردنە شێواوەی بایکۆت کردووە، کە گەندەڵان و دۆڕاوەکان کۆنترۆڵیان کردووە.
دیارە بەرد بۆ لقی بەردار دەهاوێژرێت، ئەوانیش زڕ و بێسوود و هەلپەرستن، بۆیە کەس بایەخیان پێ نادات. با هەمووان لە ڕۆژانی پێش هەڵبژاردن و کاتی هەڵبژاردندا چاوەڕێی هەڵپە و پەلەقاژەی عاشقانی کورسیی دەسەڵات بن.
سەدر، هەروا دەڵێت: ئێوە ئەگەر گرژی و ئاڵۆزیتان دەوێت، ئەوا ئێمە کوڕی ئەو مەیدانەین و لێی ناترسین. هەڕەشەکانتان لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کۆتاییان دێت. دڵنیابن ئەنجامەکان پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانتان دەبێت. گەل هۆشیارە و نیشتمانیش پارێزەری خۆی هەیە.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە درێژەدا دەڵێت: ئێوە ئەگەر ئاوەز و تێگەیشتنتان هەبووایە، دەبوو واز لەو کاڵفامییەتان بهێنن و بڕواننە ئەو هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییانەی لە گەل و خاکی عێراق دەکرێن. چەک لە دەستی خەڵکانی نابەرپرسدایە و دەزگا ئەمنییەکان بێسەرپەرشت ماونەتەوە. بە تایبەت حەشدی شەعبی، کە سیاسەتمەداران لە تێپەڕاندنی یاساکەی پاشگەز بوونەوە. وشکەساڵی، پیسبوونی ژینگە، قەیرانی کارەبا، خراپیی دۆخی پەروەردە، سستی پاسەوانیی سنوورەکان و دۆسییەی تەندروستی و شەڕی نێوان عەشیرەتەکان، هەموو ئەمانە خوێنی عێراق و گەلەکەی دەمژن و ئێوەش سەرقاڵی گەندەڵی و خۆتێرکردنن.
سەدر، لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: مەترسییەکانی سەر عێراق، تەنیا مەترسی نیشتمانی نین، بەڵکو مەترسین لەسەر ئاین و بڕوا، ئەوە ئەرکی شیعەکانە بەرەنگاری ئەو مەترسیانە ببنەوە، بەڵام ئاشکرایە ئێوە لە کوێ و شیعە لە کوێ؟