پیاوێکی عێراقی بەهۆی ناردنی چەکدار بۆ ڕووسیا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا

دادگای تاوانەکانی نەجەف ڕایگەیاندووە، کەسێکی عێراقییان بە تاوانی ناردنی چەکدار بۆ شەڕکردن لە بەرەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، بە سزای زیندانی هەتاهەتایی سزا داوە.

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دادگای تاوانەکانی نەجەف لە ڕاگەیەندراوێکد ئاماژەی داوە، پیاوێکی عێراقی بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سزادراوەکە "چەندین گرووپی پێکهێناوە و لە بەرانبەر بڕێک پارەدا بۆ وڵاتانی دیکەی ناردوونی بۆ ئەوەی شەڕ بۆ  ئەو وڵاتە بکەن". بڕیارەکەش بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی عێراق دەرچووە.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێس لە زاری بەرپرسێکی دادوەری و بەرپرسێکی باڵای ئەمنی عێراق بڵاوی کردووەتەوە بازرگانەکە بە ناوی "ڕیسان فەلاح کامل" ناسێنراوە، بە تاوانی دامەزراندنی چەکدار و ناردنیان بۆ شەڕکردن لە بەرەی ڕووسیا سزادراوە.

لە ساڵی 2022 لەو کاتەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەستی پێکردووە، چەکداری بیانی چوونەتە ڕیزی سوپای هەردوو وڵات.

لەو بارەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندبوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی چینی لە ڕیزی سوپای ڕووسیادا شەڕ دەکەن و کە ژمارەیان زیاتر لە 150 کەس دەبێت، بەڵام چین ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

هاوکات ئاماژەشیان دابوو، زیاتر لە 20,000 کەس لە 52 وڵاتەوە هاتوونەتە ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی لە بەرگریکردن لە خۆی دژی ڕووسیا.

هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکی و کۆریای باشووریش دەڵێن کە کۆریای باکوور هەزاران سەرباز و تەقەمەنی ناردووە بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا لە بەرەکانی جەنگدا.

ساڵی ڕابردوو، سوپای ڕووسیا هاووڵاتییەکی بەریتانی دەستگیرکرد کە لەگەڵ هێزەکانی ئۆکرانیا شەڕی دەکرد و بەشێک لە هەرێمی کورسکی ڕووسیایان داگیرکردبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment