لە ساڵی 2016وە زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی سووری، هەروەها لە ساڵی ڕابردووە تاوەکوو ئێستا 509 هەزار و 387 پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024وە تاوەکوو ئێستا، 509 هەزار و 387 پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی " برا سوورییەکان".
هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە ساڵی 2016وە تاوەکوو ئێستا، دوو ملیۆن و 249 هەزار و 390 پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
عەلی یەرلیکایا جەخت لەوە دەکاتەوە، توانیویانە بە سەرکەوتوویی پرسی کۆچبەران بەڕێوە ببەن و نموونەیەکی جوانی لەوبارەیەوە نیشانی جیھان بدەن.