کتێبخانەی عەزیز گەردی دەکرێتەوە

بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باس لەوە دەکات، دوای نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەی زەیتوونە، کتێبەکانی نووسەری کۆچکردوو عەزیز گەردی لە هۆڵێکی تایبەت دادەنرێن.
ئاریان سەڵاحەددین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای کڕینەوەی کتێبخانەی عەزیز گەردی، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم کتێبەکانی لە هۆڵێک تایبەت بەناوی ناوبراو دادەنرێت و دەکرێتەوە.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئاماژەی بەوە کرد، کتێبخانەی زەیتوونە ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوە دایە، دوای تەواوبوونی تەواوی کتێبەکانی ئەو نووسەرە دەبرێنە نێو کتێبخانەکە و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا هۆڵی عەزیز گەردی دەکرێتەوە.
کتێبەکانی عەزیز گەردی، ژمارەیان 18 هەزار و 600 کتێبە، هەر لەنێو ماڵەکەیدایە لە قەزای بەحرکە.
ڕۆژی چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، هێژا بەکر، برازای عەزیز گەردی و خاوەنی پێشووتری کتێبخانەکە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ بە فەرمی کتێبخانەی مامی کۆچکردووم ڕادەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد، بریار وایە تەواوی ئەرشیڤی عەزیز گەردی لە نێو کتێبخانەی زەیتوونە هۆڵێکی تایبەتی بەناوی عەزیز گەردی بۆ بکرێتەوە یان لە شوێنێکی تایبەت کتێبخانەکەی بەناوی بکرێتەوە.
هاوکات، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کتێبخانە و ئەرشیفی مامۆستای کۆچکردوو عەزیز گەردی، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.
د. عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد و مامۆستای بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەددین؛ 6ـی حوزەیرانی 2022 کۆچی دوایی کرد.
ئەو، خاوەنی دەیان بەرهەمی نووسین و وەرگێڕان بوو و بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەدەب و زمانی کوردی دادەنرێت. گەردی کە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنابوو، ماڵەکەی لە قەزای بەحرکەی هەولێرە.