نێچیرڤان بارزانی کارتی بانکی هەژماری منی وەرگرتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تیمێکی پرۆژەی هەژماری من کرد و پشتگیری خۆی بۆ ئەو پرۆژەیە دووپات کردەوە.

پرۆژەی هەژماری من ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، پێشوازی لە تیمی پرۆژەی هەژماری من کرد، بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتە بانکیەکەیان و تەواوکردنی خۆتۆمارکردنیان لە پرۆژەکە."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی پشتگیری خۆی بۆ پرۆژەی هەژماری من دووپات کردەوە و ستایشی ئەو تیمە لاوەی کرد کە پرۆژەکە بەڕێوە دەبەن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تیمەکە لە خاتوو شیلان دۆسکی، بەرپرسی پرۆژە تایبەتەکان لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران، بە یاوەری ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من، پێکهاتبوون."

هەروەها باسی لەوەش کردووە، "پرۆژەی هەژماری من، پرۆژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران، و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمارکراون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 پرۆژەکە تەواو بکات."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment