بۆ یەکەمجار پزیشکێکی کورد وەک یەکێک لە کاریگەرترین پزیشکی جیهان هەڵبژێردرا

کۆلێژی نەشتەرگەرانی ئەمەریکا ساڵانە لە مانگی ئەیلوول، لەسەرتاسەری جیهان ژمارەیەک پزیشکی ئافرەت وەک پزیشکی کاریگەر و نموونەیی دیاری دەکەن، بۆ یەکەمجار پزیشکێکی کورد ئەمساڵ هەڵبژێردرا.
ڕێوان حوسێن، پزیشکی پسپۆڕی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک، ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی گشتیی لە ئەمەریکا ژمارەیەک پزیشکی ئافرەت لە جیهان ، وەک پزیشکی نموونەیی هەڵدەبژێرێت ، پێویستە ئەو کەسە ئەندامی کۆلێژی نەشتەرگەریی بێت لە ئەمەریکا و کەسێکی چالاک بێت و کاریگەری لەو شوێنەی هەبێت کە کاری لێدەکات.
ڕێوان حوسێن گوتی: بۆ ئەوەی پزیشکانی تازە دەرچوو هان بدرێن بچنە بواری نەشتەرگەریی و کاریگەریان هەبێت، ساڵانە لە مانگی ئەیلوول، کۆمەڵەی نەشتەرگەرانی گشتیی لە ئەمەریکا ژمارەیەک پزیشکی ئافرەت هەڵدەبژێرن.
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنی وەک یەکێک لەو پزیشکانە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک کوردێک هەستێکی تایبەتە، چونکە پێشتر هیچ پزیشکێکی کورد هەڵنەبژێردراوە و 10 پزیشک دیاریکراون لە هەموو جیهان، کە هەریەکێک لەوانە خاوەنی چیڕۆکێکی سەرکەوتنە.
ڕێوان حوسێن، پزیشکێکی پسپۆڕی بواری نەشتەرگەریی گشتیی و شێرپەنجەی مەمکە، لە ساڵی 2023، تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو، بەڵام وەک خۆی ئاماژەی دا، توانی بەسەرکەوتووبی بەسەری دا زاڵ بێت.