کوردستان24 ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات

بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە و باسیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ "لێکنزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە بە تایبەتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەت، وەکوو هەنگاوی یەکەمیش لەم دوو هەفتەیە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەست بە کار و چالاکییەکانی دەکاتەوە و دوای ئەوە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت تەواو دەکرێن."

هەروەها سەرچاوەیەکیش لە یەکێتی ئاماژەی دا، "لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی پۆستەکان کراوە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە نێوان هەردوولا بەڕێوەبچن."

شاندی پارتی لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆکی پارتی و هۆشیار زێباری, ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو. هاوکات شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ پێکهاتبووە، کە کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندبوو.

 
Fly Erbil Advertisment