پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دەکات

سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان پارتی و یەکێتیی هەیە و لە دوو هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ستافی پەرلەرمانی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، بۆ بەڕێوەچوونی تەواوکاری دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: هەرکاتێک لایە سیاسییەکان ڕێککەوتن لەڕێگەی دیوانی پەرلەمانی کوردستانەوە ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی، کاتێکی زۆری کەمی پێویستە لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا لایەنی هونەری و تەواوی ئامادەکارییەکان دەکرێن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەی ماوەتەوە و دانیشتنی داهاتوو تەواوکاری هەمان دانیشتن دەبێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت.
پەرلەمانی کوردستان بەپێی ماددەی 48 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە یەکەم دانیشتنیدا بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ، سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێن.
پارتی و یەکێتیی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە
بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام بەڕێوەچوو، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک، کۆبوونەوەکەیان ئەرێنی بووە و باسیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ "لێکنزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە بە تایبەتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەت، وەکوو هەنگاوی یەکەمیش لەم دوو هەفتەیە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەست بە کار و چالاکییەکانی دەکاتەوە و دوای ئەوە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت تەواو دەکرێن."
ئەمە لە کاتێکدایە، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو و زیاتر لە سەدا 70ـی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کرد.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 812,537 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 409548 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 292032 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 117564 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 56008 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64874 دەنگ
بەرەی گەل: 33466 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11641 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929 دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ.