بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.9 پلەی ڕێختەر فلیپینی هەژاند

بوومەلەرزەیەکی بەهێز، فلیپینی هەژاند و بەهۆیەوە خەڵکی ماڵەکانیان جێهێشتووە و لە چەند ناوچەیەکیش کارەبا بڕاوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 30ـی ئەیلوولی 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز، کە گوڕەکەی 6.9 پلەی رێختەر بووە، فلیپینی هەژاند، دەربارەی بوومەلەرزەکە، مارسەم پاسیلانی تەمەن 25 ساڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "لە کاتی ڕووداوەکەدا لە نزیک کڵێسایەکی ناوەندی شار بووم، گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو و بینیم داروپەردووی باڵەخانەکان دەکەوتنە خوارەوە، بەڵام خۆشبەختانە هەمووان سەلامەت بوون".

سەنتەری بوومەلەرزەکە لە ئاوەکانی نزیک دوورگەی سێبوو و شاری بۆگۆ بووە، کە زیاتر لە 90 هەزار کەس تیایدا دەژین، دەزگای گڕکان و بوومەلەرزەزانی فلیپین خەڵکی ناوچەکە ئاگادار کردەوە کە "دووربن لە کەناراوەکان و ئاگاداری شەپۆلە نائاساییەکانی دەریاکە بن"، هەرچەندە سەنتەری سونامی زەریای پاسفیک ڕایگەیاند کە "هیچ مەترسییەکی ڕوودانی سونامی نییە".

مارسەم گوتیشی، لە کاتی بوومەلەرزەکە من شۆک ببووم و نەمدەتوانی بجوڵێم، دەستەوەستان مابوومەوە تا بوومەلەرزەکە تەواو بوو.

تا ئێستا هیچ قوربانییەک تۆمار نەکراوە بەهۆی بوومەلەرزەکە، تەنیا چەند باڵەخانەیەک زیانیان بەرکەوتووە و کارەبای چەند ناوچەیەکیش بڕاوە.

لە فلیپین بوومەلەرزە ڕووداوێکی رۆژانەیە، لە ساڵی 2022 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7 پلەی ڕێختەر وڵاتەکەی هەژاند و بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا و 60 کەسیش برینداربوون.

 
Fly Erbil Advertisment