دژی سەردانی ناتانیاهۆ بۆ واشنتن، جووە ئۆرسۆدۆکسەکان خۆپیشاندانیان کرد
لەگەڵ سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و تاوتوێکردنی پلانە 21 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، ژمارەیەک لە جووە ئۆرسۆدۆکسەکان لەبەردەم کۆشکی سپی خۆپیشاندانێکیان دژی هاتنی ناتانیاهۆ ساز کرد.
شەقام و ڕێگاکانی دەوروبەری کۆشکی سپی بەهۆی سەردانەکەوە ڕێکاری ئەمنی توندیان تێدا گیرابووەبەر. خۆپیشاندەران، کە بەشێکی زۆریان جووە ئۆرسۆدۆکسەکان بوون، دروشمیان بەرز کردبووەوە کە تێیدا ناتانیاهۆیان وەک "تاوانباری جەنگ" ناو دەبرد و داوایان دەکرد کۆتایی بە "کۆمەڵکوژی" لە فەڵەستین بهێنرێت.
دەیڤد فێڵدمان، یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان و ئەندامی جووڵانەوەی دژی ئیسرائیلە، بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە لێرەین داوا لە ترەمپ دەکەین کە ناتانیاهۆ نوێنەرایەتیی ئایینی جوو ناکات. ئەو ئایینەکەمان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەکانی بەکاردەهێنێت."
جووەکانی ئۆرسۆدۆکس لە ئەمەریکا زۆرترینیان لە نیویۆرک دەژین، لە کاتی سەردانی هەر بەرپرسێکی ئیسرائیل بۆ واشنتن، ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و خۆیان و ئایینەکەیان بێ بەری دەکەن لەوەی حکوومەتی ئیسرائیل بەرانبەر خەڵکی فەڵەستین دەیکات.
یسرۆیل دۆڤید وێیس، ئەندامێکی دیکەی جووڵانەوەی دژی ئیسرائیل باسی لەوە کرد"داوا لە ترەمپ دەکەین، شەڕی غەززە ڕابگرێت و هاووڵاتییانی ئەو کەرتە ڕزگار بکات، چەنکە تاکە کەسە دەتوانێت کۆتایی بە ئەشکەنجەی خەڵکی غەززە بهێنێت.
منداڵێکیش لەنێو خۆپیشاندەراندا ئاماژەی دا، "من جووم نەک ئیسرائیلی، دەزانم هەر وەک چۆن من دەمەوێت بژیم، منداڵانی غەززەش دەیانەوێت بژین."
لەنێو کۆشکی سپیدا، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێک بوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. پلانەکە داوای چەککردنی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی دەکرد، لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پاشەکشە دەکات.
ناتانیاهۆ بە پلانەکە ڕازی بووە و ئێستا چاوەڕێی پەیامی حەماس دەکرێت. ئەم دۆخە دژبەیەکییەی واشنتن، وێنەیەکی ڕوونی لەسەر ناکۆکییە قووڵەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی جوو و سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە کێشەی فەڵەستین نیشان دا.