لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوە کران

وێنەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ ژمارەیەک نەخۆشانی تالاسیمیا
وێنەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ ژمارەیەک نەخۆشانی تالاسیمیا

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی دووەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.

وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی دووەمی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.

کاروانەکە کە لە 40 هاووڵاتیی تووشبوو بە تالاسیمیا، لەگەڵ بەخشەران و هاوەڵەکانیان پێکهاتبوو، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە سەرپەرشتی دەکرا.

وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دوای ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان دێت، کە تێیدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی خەرجییەکانی چوون، گەڕانەوە، مانەوە، پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەرەکانی گرتووەتە ئەستۆ.

ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کە بودجەیەکی نزیک بە 11 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. نەخۆشەکان ڕەوانەی ژمارەیەک نەخۆشخانەی پێشکەوتووی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی (JCI) دەکرێن، کە چارەسەر بۆ ئەو نەخۆشانەش دابین دەکرێت کە بەخشەریان هەیە یان نیانە.

لە فڕۆکەخانەی هەولێر، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی پەیامی پەرۆشی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە نەخۆش و کەسوکارەکانیان گەیاند و سوپاسی ئەم پڕۆژە مرۆڤدۆستییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کرد.

 ناوبراو هیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەی سەلامەتی بۆ خواستن و ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا 72 هاوڵاتی لە کاروانی یەکەم لە نەخۆشخانەکانن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی سێیەم بەڕێدەکرێت.

جێی باسە، ناردنی ئەم نەخۆشانە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە کەرتی تەندروستی و دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ ئەو هاوڵاتیانەی تووشی نەخۆشی درێژخایەن بوون

 
Fly Erbil Advertisment