کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان هاوشێوەی عێراق سوودمەند دەبن لە چەندین ئیمتیازات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم هاوشێوەی شەهیدانی عێراق سوودمەند دەبن و چەندین ئیمتیازات دەیانگرێتەوە. 

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: پیرۆزبای لەکەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەم، بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای شەهیدان بەشێوەیەک کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم سودمەندبن لەو مافانەی بە کەسوکاری شەهیدانی عیراق دراوە.

بەگوێرەی هەموارکردنەوەی یاساکە، تەواوی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان سوودمەند دەبن لە، درێژکردنەوەی ماوەی خزمەت و بەخشین لە باج و مافی نیشتەجێبوون بەخۆڕایی لە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی دکتۆرا و هەروەها پێدانی ئەولەویەت بۆ ڕەچاوکردنی دۆسیەی نەخۆشەکانی لەلایەن لیژنە تەندروستییەکانەوە و ناردنیان بۆ دەروەی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک ئیمتیازاتی دیکە.

پێشتر پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان کردبوو، یەکێک لە ئامانجەکانی یەکسانکردنی مووچە و ئیمتیازاتی شەهیدانی پێشمەرگە و قوربانیانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە هاوشێوەی شەهیدانی عێراق.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment