ئەندەنوسیا.. تیمەکان هەوڵی دەرهێنانی تەرمی 59 قوتابی ژێر داروپەردووی باڵەخانەی ڕووخاوی قوتابخانەیەک دەدەن

بەهۆی ڕووخانی هۆڵی نوێژکردنی قوتابخانەیەک لە ئەندەنوسیا، پێنج قوتابی گیانیان لەدەستدا و 59 ـشیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکەدا گیریان خوارد، کاربەدەستانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کرد، هیچ ئومێدێک نییە ئەو قوتابییانە زیندووبن.
سوهاریانتۆ، بەڕێوەبەری دەزگای نیشتمانی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند، درۆنی تایبەت و ئامێری جیاوازمان بۆ گەیشتن بەو قوتابییانەی گیریان خواردووە بەکارهێناوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە دڵنیاییان پێ بدات ئەو قوتابییانە لە ژیاندا مابن کە هێشتا لەناو هۆڵە ڕووخاوەکەدا ماون.
دوای بێهیوابوونیان، تیمەکانی ڕزگارکردن دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئامێری تایبەت بۆ گەیشتن بە تەرمی قوتابییەکان، دایک و باوکانی قوتابییەکانیش خێوەتیان لە نزیک قوتابخانەکە هەڵداوە و نموونەی DNAی خۆیان داوەتە تیمە پزیشکییەکان بە هیوای ئەوەی منداڵەکانیان بناسرێنەوە، دوای ئەوەی تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکە دەردەهێنرێن.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 29 ـی ئەیلوولی 2025، بنمیچی هۆڵی نوێژکردنی قوتابخانەی "ئەلخۆزینی ئیسلامی" لەپڕ ڕووخا، لەو کاتەدا زیاتر لە 100 قوتابی لەو هۆڵە خەریکی ئەنجامدانی"نوێژی عەسر" بوون ، واحید، قوتابی پۆلی حەوتەم دەربارەی ڕووداوەکە دەڵێت، "سەرەتا، کۆتایی هۆڵەکە ڕووخا، دواتر هەموو بەشەکانی دیکەی، توانیم خۆم ڕزگار بکەم و هاوکاری قوتابییەکانی دیکەشم کرد تا ڕزگارببن"