پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی خەڵات دەكات

شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ و چەند دامەزراوەیەکی فەرمی و گرنگی ئەو وڵاتە، خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بەرانبەر ئەو خزمەتە مرۆییەی بێ جیاوازیی پێشکەشی دەکات، ئەندامێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەڵێت: میللەتی كورد مافی خۆیەتی شانازی بەوە بكات، كە دەزگایەكی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە.
شاندێكی باڵای نێودەوڵەتی كە پێكهاتبوون لە سەردار يوكسەل، ئەندامى پەرلەمانى ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە لایەن حزبى حکومەتدار (SPD)و ئەندامى لێژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەرلەمان و کلاوس ئینگل، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆمپانیای وزەی (Evonik) و ئەندامى ئەنجومەنی وەبەرهێنان و بەخشەران لە ئەڵمانیا و هێندریک گروس، بەرپرسی دامەزراوەی ڕاگەیاندنی Schwäbische Medien و بەرپرسی ڕێکخراوی (Helfen bringt Freude) و شێرزاد توماس، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی (Caritas – Essen)لە عێراق و دینز کارتال، وێنەگر و ڕۆژنامەنووس، ڕۆژی پێنج شەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەردانی سەرۆكایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانیان لە هەولێر كرد.
لەو سەردانەدا. سەردار يوكسەل بە فەرمی خەڵاتی ڕێزلێنانی پەرلەمان و سوپاسنامەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵی بە موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەچوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەو شاندەی ئەڵمانیا ماوەی 10 ساڵە پاڵپشتی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و خزمەتێكی زۆریشیان بە هاوبەشیی دەزگاکە، پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران و منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئۆتیزم كردووە، ئەوەشی خستەڕوو كە لە نەورۆزی داهاتوو، 12 پەرلەمانتاری ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هاوکات سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو خەڵاتەی وەك شانازییەك بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەژمار كرد.
دواتر سەردار يوكسەل، ئاماژەی بەوە كرد كە، سەردانی یەكەمی بۆ هەرێمی كوردستان بە پلان بووە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە " هاوبەشی باوەڕپێكراو" ناو برد و گوتی : "نموونەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەموو جیهان كەمە".
يوكسەل سوپاسی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و گوتی: "ئێوە هەزاران كلیۆمەترتان بڕی و هاتن بۆ لای ئێمە و میللەتی كوردیش مافی خۆیەتی شانازی بەوە بكات، كە دەزگایەكی وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەیە، ئێمەش هەوڵ دەدەین ناوی ئەم دەزگایە لە ئەڵمانیا بە فەرمی تۆمار بكەین".
سەردار يوكسل لە كۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە، سەرۆكی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ ڕایسپاردووە سڵاوی تایبەتیان بە سەرۆك و كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بگەیەنێت.
گوتیشی: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لێرەین، بە ناوی دەزگای بوندێستاگ پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەین بۆ کارە ناوازە و بەردەوامەکانیان،ساڵانێکی زۆرە بە شێوەیەکی زۆر متمانەپێکراو پێکەوە کاردەکەین، ئەمڕۆ توانیم خەڵاتێک لە بوندێستاگەوە پێشکەش بە سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەم، هاوڕێمان کاک موسا کە لێرە لەگەڵ تیمەکەی کارێکی نایاب ئەنجام دەدات، ئێمە دەمانەوێت لە داهاتوودا کارەکانمان چڕتر بکەینەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی زۆر لە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکانیش دێنە کوردستان، گوتیشی: من پێم وایە ئەمە ئەڵقەیەکی نوێیە، لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوانمان لە نێوان کوردستان و ئەڵمانیا.