کۆمەڵەی چاپخانەکان: کاندید هەیە 150 هەزار دۆلاری بۆ چاپکردنی پۆستەرەکانی خەرجکردووە

سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکان ڕایگەیاند: لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بازاڕی چاپخانەکان گەرم دەبێت و بەشێک لە کاندیدەکان دەیانەوێت پارەیەکی زۆر خەرج بکەن بۆ چاپکردنی پۆستەرەکانیان.

عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ نزیکبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدەکان پۆستەر و لافیتەی خۆیان چاپ دەکەن، بەڵام هەر یەکەیان بەگوێرەی توانا داراییەکەی چاپ دەکات.

عومەر زۆرباش، گوتی: تاوەکوو کاتژمێر 11ـی ئەمشەو زۆربەی چاپخانەکان قۆناغی یەکەمی پۆستەرەکان چاپ دەکەن، تاوەکوو ئێستا کاندید هەیە 150 هەزار دۆلاری(15 دەفتەر) خەرجکردووە، بۆ چاپکردنی پۆستەرەکانی، هەروەها زۆرترین پۆستەر 20 هەزار مەتر بووە.

سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە هەولێر زۆرترین پۆستەر چاپ دەکرێت و هەروەها زۆرترین چاپخانە لە هەولێر هەیە، چاپخانەی ژمارە یەک 68 دانەیان لە هەولێرن، بەڵام شەش هەزار و 464 شوێنی چاپ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن.

باسی لەوەش کرد، کوالێتی چاپخانەکان زۆرباشە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێ ئامێری چاپی زۆر باش هەن، یەکێکیان لە هەولێرە.

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کاتژمێر 12ـی ئەمشەو بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێ دەکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment